چەند بەڕێوەبەر و بەرپرسێك لەسەر تەقینەوەكەی لوبنان دەستگیر كران

زیاتر لە 150 كەس گیانیان لەدەستدا

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و چەند بەرپرسێكی دیكە لە لوبنان دەستگیرکران و تیمێکی ئینتەرپول لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی بەیروت دەکات.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بە بڕیاری داگای لوبنانی، بەڕێوەبەر گشتی گومرگ و چەند بەرپرسێکی دیکە، لەسەر دۆسییەی تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممەی رابردووی بەیروت دەستگیرکراون.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیکردەوە، هیچ داوایەکی لوبنانی پێگەیشتبێت، بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە، بەڵام پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) رایگەیاند، تیمێکی لێکۆڵینەوە رەوانەی لوبنان دەکات.

رۆژی سێشەمەی رابردوو 4/8/2020، تەقینەوەیەكی بەھێز لە بەیروتی پایتەختی لوبنان روویدا، بەگوێرەی دوایین ئامار 154 كەس گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی شەش هەزار کەس برینداربوون و سەدان كەسی دیكەش بێسەروشوێن بوونە.

لە دوایین كاردانەوەكانی تەقینەوەكە و وەك یەكەم سەرۆك ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی پێنج شەمە 7/8/2020 گەیشتە بەیروت. لەمیانی سەردانەكەیدا ماكرۆن رایگەیاند، پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد و شەفاف لە رووداوەكە بكرێت و ھەموو شتێك بخرێتەڕوو.