دادگای سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەبارەی دیارنەمانی سێ ملیار دینارەکە دا

دوو تاوانبار بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران

K24 - هەولێر

دادگای سلێمانی ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی دیارنەمانی سێ ملیار دینارەکەی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی سلێمانی دەرکرد و، دوو کەسی بە شەش ساڵ زیندایکردن و پێبژاردن سزادا.

سەرچاوەیەک لە دادگای سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ (یەکشەممە، 9-8-2020) دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دۆسیەی دیارنەمانی سێ ملیار دینارەکە، دادگا سزای زیندانی بەسەر دووکەسدا سەپاند و چوار تۆمەتباری دۆسیەکەی ئازاد کرد".

ئەو دوو کەسەی بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان 24 پیکدێن لە: "بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەکە و ژمێریارێک".

هەریەک لە تاوانباران بە شەش ساڵ زیندانیکردن و گێڕانەوەی بڕی ملیارێک و 900 ملیۆن دینار لەو پارەیەی دیارنەماوە، سزادران.

ئەو پارەیەی دیارنەمابوو، پارەی دەستەبەری بووە کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دانراوە و پێکهاتبوو لە پارەی ئەو کۆمپانیایانەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی پارەی پێشینەیان بۆ دەرچووبوو، لەگەڵ ئەو پارەیەی تەرخان کرابوو بۆ بژێوی ئەو منداڵانەی بەهۆی کێشەی خێزانی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە.

سەرەتا تۆمەتبارەکان بەهۆی دیارنەمانی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار دەستبەسەرکرابوون، بەڵام دوای لیکۆڵینەوە دەرکەوت پارەی دیارنەماو زیاتریشە و دەگاتە 3 ملیار دینار.

راپۆرتێکی کوردستان24 لەبارەی دۆسیەکە کە لە کۆتایی 2019 بڵاوکراوەتەوە:

هـ.ر.