هەنگاوێكی نوێ.. كوردستان24 دەبێتە تاكە كەناڵی 24 كاتژمێری لە كوردستان

كوردستان24.. لە 18 كاتژمێرەوە بۆ 24 كاتژمێر

K24 - هەولێر:

ئەمشەو دامەزراوەی میدیایی كوردستان24، پێدەنێتە قۆناغێكی نوێ و پەخشی راستەوخۆی لە 18 كاتژمێرییەوە دەبێتە 24 كاتژمێر و بە شێوەیەكی بەردەوام هەواڵ و گۆڕانكاری نوێ لە كوردستان و سەرتاسەری دونیا بۆ بینەران و وەرگرانی دەگوازێتەوە.

لەو بارەیەوە محەمەد حاجی كەریم- سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی كوردستان24 رایگەیاند: "كوردستان24 لە سەرەتا دامەزراندییەوە، تا ئەمڕۆ، وەك دامەزراوەیەكی میدیایی نیشتمانی، رووماڵی رووداوەكانی كردووە و  بەلایەوە بابەتیبوون، خێرایی و راستبێژیی بنەمای هەرە لە پێشی كاركردنی بووە".

ئەو گوتیشی "لەم شەوەوە پەخشی راستەوخۆی كوردستان24، لە 18 كاتژمێرەوە دەبێتە 24 كاتژمێر و بە شێوەیەكی بەردەوام هەواڵ و گۆڕانكارییەكان لە كوردستان و سەرتاسەری دونیا بۆ بینەر و بیسەرانی دەگوازێتەوە".
دامەزراوەی كوردستان24، بەرهەم و خزمەتگوزاری میدیایی، بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە و ئاستێكی بەرز، پێشكەشی وەرگرانی لە كوردستان و ناوچەكە و تەواوی جیهان لە رێگەی تۆڕێكی میدیایی رێكخراو: رادیۆ، تەلەڤزیۆن، وێبسایت و سۆشیال میدیا بە زمانەكانی (كوردی- هەردوو شێوەزاری "كرمانجی، سۆرانی"، ئینگلیزی، عەرەبی، توركی و فارسی) دەكات، هاوكات لەسەر پەرەنسیپی "بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی"، ئەركە پیشەییەكانی بەرانبەر (نیشتمان، تاكەكانی كۆمەڵگە، ئازادییە كەسییەكان) بەجێدەگەیەنێت.
كوردستان24، مەبەستیەتی ببێتە رێنیشاندەر بۆ جیهانێكی نوێی كاری میدیایی لە كوردستان بە تایبەتی و ناوچەكە بەگشتی، جگە لە بەرزكردنەوەی توانای پیشەییانەی میدیاكارانی، بە پڕۆژە و بەرنامەی تازە لە هەوڵە خێرا و نوێكارییەكانی  بەردەوام دەبێ.