چوارەم وەزیری حکومەتی لوبنان دەستی لەکارکێشایەوە

K24 - هەولێر

وەزیرێکی دیکەی حکومەتی لوبنان دەستی لەکارکێشایەوە و حکومەت لە هەڵوەشانەوە نزیکە.

غازی وەزنی، وەزیری دارایی دەبێتە چوارەم وەزیری حکومەتی لوبنان لەدوای تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممەی بەندەری بەیرووت، دەست لەکار بکێشێتەوە.

پێش وەزنی، هەریەک لە: ماری کلود نەجم، وەزیری داد، دیمیانۆس قەتار، وەزیری ژینگە و مەنال عەبدولسەمەد، وەزیری راگەیاندن دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

دەستلەکارکێشانەوەی ئەو وەزیرانە لەدوای تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووتە لە رۆژی سێشەممە (4-8-2020) کە بووە هۆی کوژرانی 160 کەس و برینداربوونی زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکە، تەقینەوەکە هەروەها وێرانکارییەکی زۆر و زیانێکی ئابووریی گەورەی بە بەیرووت گەیاند.

بەهۆی تەقینەوەکەی بەیرووت و گوشاری خۆپیشاندەران لەسەر حکومەت، حکومەتی لوبنان لە هەڵوەشانەوە نزیکە، کە لە 20 وەزیر پێکدێت و بۆ ئەوەی هەڵبووەشێتەوە، دەبێت یەک لەسەر سێی وەزیرەکانی دەستیان لەکاربکێشنەوە.

بەپێی میدیاکانی لوبنان حەسان دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەی.

سەرچاوەکان هەروەها باس لەوە دەکەن، رەنگە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان نەکرێت، بەهۆی ئەوەی نیساب تەواو نابێت، بەڵام حەسان دیاب بەبێ کۆبوونەوە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش دەکات.