پرۆگرامی خۆراكی جیهانی: قه‌یرانی نان روو له‌ لوبنان ده‌كات

پڕۆگرامی خۆراکی جیهان: لوبنان بۆ دوو هەفتە نانی لەبەردەستە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هۆشداری لەخراپی دۆخی لوبنان دا و رایگه‌یاند، ئەو بڕه‌ نانەی لەبەردەستە لە وڵاتەكەدا، تەنیا بەشی دوو ھەفتە دەكات. بەو پێیەی، كە  بەهۆی تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیرووت گەورەترین سایلۆی وڵاتەکە وێران بووه‌. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی 50 هەزار ته‌ن گەنم رەوانەی لوبنان بکات.

لای خۆیەوە دەیڤید بیزڵی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆگرامی خۆراكی جیھانی رایگەیاندووە، %85 ی گەنمی وڵاتەكە لە رێگەی ئەو بەندەرەوە ده‌گه‌یشتە لوبنان، بەڵام لەو بڕوایەدایە، كە دەتوانرێت لەم مانگەدا ناوچەیەكی بەندەرەكە بەگەڕ بخرێتەوە.

بیزڵی كە ئێستا لە بەیرووتە جەختیكردەوە، لە ماوەی 2 ھەفتەدا كەشتیییەك به‌ 17 ھەزار و 500  ته‌ن ئاردی گەنمه‌وه‌ دەگاتە بەیرووت، بە ئامانجی دابینكردنی نان بۆ ماوەی 20  رۆژ بۆ سەرجەم لوبنانییەكان. ئەوە جگە لە گەیشتنی كەشتییەكی دیكە كە ھەڵگری دانەوێڵە و ھەروەھا كەرەستەی بیناسازییە.

ئاماژەیدا، دووبارە ئاوەدانكردنەوەی بەیرووت پێویستی بە ملیاران دۆلار ھەیە. دەبێت لە رێگەی پارەداركردنی گشتیی و تایبەتەوە ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بەو ھاوكارییانەی لەلایەن وڵاتانەوە بۆ بەیرووت تەرخانكراوە، ھەر یەك لە نەتەوەیەكگرتووەكان بە 9 ملیۆن دۆلار وەك ھاوكاری مرۆیی بەشداربووە، رێكخراوی تەندروستی جیھانی بەبڕی 15 ملیۆن دۆلار، وڵاتە زلھێزەكان ئەمریكا بە 15 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا 6 ملیۆن و 600  ھەزار دۆلار، كەنەدا 3 ملیۆن دۆلار، ئەوە جگە لە چەندین وڵاتی دیكە كە بەشدار بوون لەو ھاوكارییە.