له باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی چاره‌سه‌ری تووشبووانی كۆرۆنا ئه‌م بڕیارانه دران
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان چه‌ند بڕیارێك دراوون، له‌وانه: نەخۆشخانە حكومييەكان فراوانتر دەكرێن بۆ ئەوەی كەمترين ھاووڵاتی پێويستيان بە نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی بێت. هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی له چاودێری چڕدان له نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان به خۆڕایی چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه ره‌وانه بكرێن. له باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی تێچووی چاره‌سه‌ریشه‌وه گوتی: ئه‌و نرخه‌ی دیاریكرابوو، بۆ چاره‌سه‌ر له نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان به رێژه‌ی له سه‌دا 50 كه‌مده‌كرێته‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ وه‌زیری ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان كۆبوویه‌وه و دوای كۆبوونه‌وه‌كه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ورده‌كاری رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان خسته‌ڕوو.
پوخته‌ی وته‌كانی وه‌زیری ته‌ندرووستی
ئه‌مڕۆ دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، لیژنه‌ی ته‌ندروستی له په‌رله‌مان و نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی، نوێنه‌ری سه‌ندیكای پزیشكانی كوردستان و سه‌رۆكی سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، به‌ڕێو‌به‌ره گشتییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رانی نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان گه‌یشتینه رێكه‌وتنێك له‌سه‌ر نرخه‌كان.
ره‌وشی كۆرۆنا
ئێستا هه‌رێمی كوردستان به دۆخێكی مه‌ترسیدار، خراپ و به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنادا تێپه‌ڕ ده‌بێت، تا ئێستا زیاتر له 18 هه‌زار و 200 حاڵه‌تی تووشبوون تۆماركراون، هه‌رچه‌ند زیاتر له 10 هه‌زار و 500 حاڵه‌تی چاره‌سه‌ركراو هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه ئه‌وه‌یه كه تا ئێستا زیاتر له 7 هه‌زار كه‌س له‌ژێر چاره‌سه‌ركردن ماونه‌ته‌وه، كه به‌شێكیان له نه‌خۆشخانه‌كاندا له ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.
به‌داخه‌وه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م په‌تایه‌وه 670 تووشبوو له هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه. تا ئێستا زیاتر له 233 هه‌زار پشكنین له هه‌رێمی كوردستان كراون.
وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به راشكاوانه ده‌ڵێم: هاووڵاتیان ده‌زانن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه په‌رۆشی ئه‌م دۆخه بوو و پێشبینیی ئه‌و دۆخه‌مان ده‌كرد و به‌رده‌وام هۆشداریمان ده‌دات، كه ئه‌گه‌ر رێگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه نه‌گرین، رێژه‌ی تووشبوون و مردن له نه‌خۆشخانه‌كانیش زیاد ده‌بن. هیوادارین پێشبینییه‌كانمان له‌مه زیاتر نه‌بێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانه‌وه زۆرمان ئامۆژگاری كرد، كه ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك به‌یه‌كه‌وه خۆپارێزی و تاكپارێزی بكه‌ین، تا ماوه‌یه‌كی زۆر باش هه‌رێمی كوردستان له‌رووی رێكاری زانستیانه له سه‌ركه‌وتووترین ناوچه‌كانی جیهاندا بوو، هه‌موو وڵاتانی جیهان، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، یه‌كێتی ئه‌وروپا، ته‌ندروستی جیهانی و رێكخراوه جیهانییه‌كان به‌رده‌وام جه‌ختیان ده‌كرده‌وه، ئه‌م دۆخه پێویستی به رێكاری توندوتۆڵ و گشتگیر هه‌یه.
مه‌رجی ته‌ندروستی ئه‌و رێكاره‌یه، كه له ته‌شه‌نه و بڵاوبوونه‌وه‌ی زۆری ڤایرۆسه‌كه و مردن به‌هۆی په‌تاكه ده‌مانپارێزێت، به‌ڵام به‌لاڕێدابردنی متمانه و تێگه‌یاندنی هه‌ڵه به هاووڵاتیان، گوایه كۆرۆنا بوونی نییه یان كه‌س پێی نامرێت، هه‌رێمی كوردستانی به‌م دۆخه گه‌یاند.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رده‌وام ده‌بێت له ده‌ركردنی رێكاره‌كان و هه‌موو هه‌وڵێكیش له‌و پێناوه‌دا ده‌دات، به‌ڵام قۆناغه‌كه جیاوازه و له خۆپارێزییه‌وه بۆ رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتر ئێستا بووه‌ته رێگه‌گرتن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتر و هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون و مردن به په‌تاكه.
رێكاره‌كان
پێویسته رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا توندتر بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێواشتر بكرێت، هه‌رچه‌ند ده‌زانین ناتوانین رێژه‌كان بگه‌یه‌نینه سفر، به‌ڵام هه‌رنه‌بێ رێژه‌ی مردن كه‌م بكه‌ینه‌وه.
به پابه‌ندبوون به رێكاره‌كانه‌وه هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه، كه ده‌توانین مه‌ترسییه‌كه كه‌م بكه‌ینه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه به‌رده‌وام خۆشه‌ویستانمان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین.
هه‌ڵمه‌تی هه‌یه
ئێستا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌ڵمه‌تێكی دیكه‌ی به قۆناغی جیاواز ده‌ستپێكردووه بۆ هۆشیاری ته‌ندروستی فراوان له داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن، به تایبه‌ت له رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ر و ئاگاداری و پێویسته رێكاره‌كان له شوێنه گشتییه‌كان توندتر بكرێن.
پشكنینه‌كان
بڕیارمان داوه، ژماره‌ی پشكنینه‌كان به به‌رده‌وامی زیاد بكه‌ین، به ره‌چاوكردنی كوالێتی و چاودێریكردنی ته‌واو و سه‌رپه‌رشتی حكومه‌ت له دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كان و ده‌توانین ئه‌م تێستانه له كه‌رتی تایبه‌تیش ئه‌نجام بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی پێویستییان به چاودێری چڕ یانیش چاره‌سه‌ری خیرا هه‌یه، چاره‌سه‌ر بكرێن.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو سه‌نته‌ری شاره‌كان، پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، به پاڵپشتی كه‌سانی خێرخواز توانیویه‌تی ژماره‌ی قه‌ره‌وێله بۆ نه‌خۆشه‌كان زیاد بكات و حكومه‌تیش له رێگه‌ی دابینكردنی بودجه‌یه‌كی ته‌واو توانیویه‌تی كه‌لوپه‌لی پێویست به ئامێر و قه‌ره‌وێله و تیمی پزیشكانه‌وه دابین بكات.
تا ئێستا به ستراتیژیه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه چه‌ندین نه‌خۆشخانه تایبه‌ت كراون، ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد زیادكراون.
به‌شی چاودێری چڕ دواقۆناغی ترسناكی تووشبووانی كۆرۆنایه، خۆشبه‌ختانه رێژه‌یه‌كی زۆری ئه‌و نه‌خۆشانه یان سووكن یانیش نیشانه‌یان نییه، به‌ڵام كه ده‌كه‌ونه قۆناغی ترسناكی پێویستییان به چاودێری چڕه، ئه‌مه‌ش ته‌نها ئامێر و قه‌ره‌وێله نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك له ئامێر و پێداویستی پزیشكی و تیمی پزیشكانی تایبه‌تی ده‌وێت، پێویستییان به پزیشكی سڕكه‌ر هه‌یه كه ژماره‌یان سنوورداره. بۆیه ژماره‌ی قه‌ره‌وێله‌كان به ناو ناویان قه‌ره‌وێله‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر راستی ئه‌و قه‌ره‌وێلانه چه‌ندین ئامێر و تیمی پزیشكی له‌خۆ ده‌گرێت.
ئه‌و ژماره‌یه له‌ناو كه‌رتی تایبه‌ت له‌ناو نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كانیش زۆر سنوورداره، ژماره‌ی پزیشكانی سڕكه‌ر كه‌مه و هه‌ندێك نه‌خۆشخانه ته‌نیا 1 تا 2 قه‌ره‌وێله‌یان له به‌شی چاودێری چڕ هه‌یه.
تێچووی چاره‌سه‌ر
مانه‌وه له به‌شی چاودێری چڕ له‌ژێر ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد و پزیشكی سڕكه‌ر تێچووی 800 تا 1000 دۆلاری پێویسته، ئه‌مه وامان لێ ده‌كات له‌ناو كه‌رتی گشتی پێویستمان به كه‌رتی تایبه‌ت بێت.
داوامان له نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان كردووه، به‌شدار بن له گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی شوێنیان له نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان ده‌ستناكه‌وێت، به‌ڵام هه‌ندێك هاووڵاتی خۆیان داوای خزمه‌تگوزاری تایبه‌ت ده‌كه‌ن و ئه‌مه داواكاری هاووڵاتیان بووه نه‌ك هی ئێمه.
تا ئێستا له قاوشه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كمان بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه نه‌بووه، كه به سووكی تووشی په‌تاكه بوونه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كیمان بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌یه، كه به شێوه‌یه‌كی كتوپڕ باری ته‌ندروستییان تێك ده‌چێت.
داوایان له سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت كردووه، له چاودێری چڕ هاوكاری كه‌رتی گشتی بكه‌ن، له به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێك له نه‌خۆشخانه‌كان به‌و داواكارییه رازی بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك له نرخه‌كان زۆر گران بوون و گله‌یی و گازانده‌ی هاووڵاتیانی لێكه‌وته‌وه، بۆیه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ناچاربوو ده‌ستبه‌جێ بێته سه‌ر هێڵ و نرخه‌كان هه‌رزان بكات، كه پێشتر له نێوان 2 هه‌زار بۆ 2 هه‌زار و 500 دۆلار بوو، به رێژه‌ی كه‌متر له 50% ئه‌و نرخانه‌ی كه‌م كرده‌وه.
ئێمه به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتی و نه‌خۆشانی كه‌مده‌رامه‌تمان له‌به‌رچاو گرتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هێشتا شرۆڤه‌ی زۆر هه‌ڵه و به‌لاڕێدابردن بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌شمان ده‌كرا، بۆیه ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه به ئاماده‌بوونی لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌گه‌ڵ به‌ڕێو‌به‌رانی نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان گه‌یشتینه رێكه‌وتنێك، كه ئێستا ئێمه له دۆخێكی خه‌راپداین و به‌پێی یاسای ساڵی 1981 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زیری ته‌ندروستی مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه، له كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك بڕیار بده‌ن هه‌ر شوێنێك ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش، بۆیه ئێمه گه‌یشتینه ئه‌و بڕیاره‌ی به‌رده‌وام ژماره‌ی قه‌ره‌وێله‌كان و پزیشك و پێداویستییه پزیشكییه‌كان فراوان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین زۆرترین ژماره‌ی نه‌خۆش له كه‌رتی گشتی و نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین هاووڵاتیی پاره‌ی زۆر له‌خۆی خه‌رج بكات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك جار له‌وانه‌یه كه‌سانی كه‌مده‌رامه‌ت پێویستی به چاره‌سه‌ر بێت و له نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان جێگه‌یان نه‌بێته‌وه، بۆیه له‌و حاڵه‌ته‌دا تیمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌و نه‌خۆشانه ره‌وانه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات و ئه‌وانیش پابه‌ند ده‌بن به‌و هاوكارییه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشه تووشی گرفتی پێدانی پاره و خه‌رجی ببێته‌وه. هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌مه گه‌یشتووینه‌ته رێكه‌وتن و چاره‌سه‌ری ئه‌و هاووڵاتیانه به‌خۆڕایی ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ش كه به ئاره‌زووی خۆیان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند نه‌خۆش خۆی ئه‌و بڕیاره ده‌دات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ئه‌و مه‌به‌شته‌ش پێداچوونه‌وه‌مان به نرخه‌كاندا كردووه و ئه‌وانیش سوودمه‌ند ده‌بن و نرخه‌كان به‌گشتی سنووردار كراون. بۆ دووه‌م جاره به رێژه‌ی له 50% نرخه‌كانمان كه‌م كردووته‌وه به به‌كارهێنانی باشترین ئامێره‌كان.
H.B