"عێراق لەبەردەم داڕمانێکی دارایی و ئابووریدایە"

سودانی: ئەگەر بەردەوام بێت لە پشت بەستنی بە کەرتی نەوت دۆخەكە خراپتر دەبێت

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی بە دواداچوونی بەرنامەی حكومەت لە پەرلەمانی عێراق ھۆشداری دەدات لە دۆخی ئێستا و رایدەگەیەنێت "عێراق لەبەردەم داڕمانێکی دارایی و ئابووریدایە".

لیژنەی بەدواداچوونی بەرنامەی حکوومەت و پلانی ستراتیژی لە پەرلەمانی عێراق داوای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشین و چاودێری کۆمەڵایەتی دەکات، هەروەها داواش دەکات یاساکانی تایبەت بە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و لە ئەستۆگرتنی بیمەی کۆمەڵایەتی هەژاران چالاک بکرێن.

محەمەد شیاع سودانی، ئەندامی لیژنەی بە دواداچوونی بەرنامەی حکومەت لە پەرلەما نی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، چەندین یاسای گرنگ هەن بۆ چاکسازی و ئابووری وڵات دەگەشێننەوە، و لە رێگەیانەوە هەلی کار دەڕەخسێن، لە نێویاندا یاسای چاودێری کۆمەڵایەتی و ستراتیجییەکانی پاڵپشی کەرتی تایبەت، هەروەها دیدگای ستراتیژی نیشتمانی بۆ 2030، کە پلانێکی گشتگیرە و پێویستی بە جێبەجێکردن و بە دواداچوون هەیە.

سودانی ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئامانجی ئەو پلانە گەشانەوەی ئابووری و پاڵپشتی چینی هەژارانە، هەروەها جێبەجێکردنی یاساکە گەرەنتی توێژێکی فراوانی کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکات، لە کاتێکدا یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2017ـەوە داڕێژراوە و تاوەکو ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە،

محەمەد شیاع سودانی، هۆشداری لە دۆخی عێراق دەدات کە  ئەگەر بەردەوام بێت لە پشت بەستنی بە کەرتی نەوت، چونکە وڵاتەکە دووچاری داڕمانی دارایی و ئابووری دەکات.