نێچیرڤان بارزانی: دڵنیام ئەم قۆناغە سەختەش تێدەپەڕێنین

"جیهان، عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی هەستیار و سەختدان"

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی 74 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی بڵاوکردەوە و، رایگەیاند "جیهان، عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی هەستیار و سەختدان... دڵنیام ئەم قۆناغە سەختەش تێدەپەڕێنین".

لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی پیرۆزبایی لە سه‌رۆك بارزانى، مه‌كته‌بى سياسى، سه‌ركردايه‌تى، كادران، ئه‌ندامان، لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتی ده‌كات، باس لەوەش دەکات "پارتى له‌پێناوى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا دامه‌زراوه‌ و خه‌باتى بۆ ديموكراسى و ئازادى و رێكخستنى سيستمى سياسى كردووه‌ كه‌ له‌ سايه‌يدا كوردستان سه‌رفراز بێت".


دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

له‌ يادى حه‌فتا و چوار ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتيماندا، به‌ ڕێزه‌وه‌ يادى شه‌هيدانى نەمر دەکەینەوە کە‌ له‌پێناو ئازاديى كوردستاندا گيانيان به‌خشى، دروود بۆ گيانى پاكيان و سڵاو بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاريان و بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان ده‌نێرین. پيرۆزبايى له‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، مه‌كته‌بى سياسى، سه‌ركردايه‌تى، كادران، ئه‌ندامان، لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتيمان ده‌كه‌ين.

به‌ شكۆوه‌ يادى ڕابەر و دامەزرێنەری پارتی، بارزانيى نه‌مر و ته‌واوى سه‌ركرده و تێکۆشەرە دێرینەکانمان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وه‌ك زه‌رووره‌تێكى مێژوويى پارتييان دامه‌زراند و تا دوا هه‌ناسه‌يان له‌ كۆڕى خه‌بات و پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون و ڕێباز و قوتابخانه‌يه‌كى خه‌باتيان بۆ كوردستان و نەوەکانی دوای خۆیان به‌جێهێشت.

پارتى له‌پێناوى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا دامه‌زراوه‌ و خه‌باتى بۆ ديموكراسى و ئازادى و ڕێكخستنى سيستمى سياسى كردووه‌ كه‌ له‌ سايه‌يدا كوردستان سه‌رفراز بێت. له‌ ڕێگه‌ى خه‌باتدا شانى داوه‌ته‌ به‌ر هه‌موو سه‌ختييه‌كان، ئێستاش ئه‌ركى پارتى و كادرانيه‌تى له‌ ڕێگه‌ى حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، كار بۆ باشتركردنى ژيانى كوردستانييان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان بكه‌ن، وەک هەمیشه‌ش دەستپێشخەر و سه‌رمه‌شقى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌كاركردنى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان بن بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان.

له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ ڕۆڵى گرنگ و كاريگه‌رى پارتى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى ماف و شايسته‌‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌كرده‌ييكردنى فيدراليزم ده‌كه‌ينه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێداگرى له‌سه‌ر گرنگى و پێويستيى كاركردن له‌سه‌ر بنه‌ماكانى سازان و هاوبه‌شى و هاوسه‌نگى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق ده‌كه‌ين بۆ مسۆگه‌ركردنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و پێشكه‌وتن له‌ وڵات.

له‌ كاتێكدا ئه‌م ياده‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌، كه‌ جيهان، ناوچه‌كه‌، عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ دۆخێكى سه‌خت و هه‌ستياردايه‌، كادران و ئەندامان و جەماوەری کۆڵنەدەری پارتیمان له‌گه‌ڵ كوردستانييان بەرگەی سەختی و بارگرانییان گرتووە و بەردەوام درێژەپێدەری کاروانى خه‌بات و تێكۆشانن، لەم یادەدا سوپاسيان ده‌كه‌م، سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ خۆڕاگريييان، دڵنيام به‌ خۆڕاگرى و تێكۆشانيان ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ش تێده‌په‌ڕێنين و به‌ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر هه‌نگاو ده‌نێین.

نێچيرڤان بارزانى
جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان
١٦ی ئابی ٢٠٢٠