"بارسێلۆنا ته‌نیا ئه‌م 4 یاریزانه‌ ده‌هێڵێته‌وه‌"

"گۆرانكارییه‌كانی بارسێلۆنا ده‌ستپێده‌كات"

دوای دۆرانە مێژووییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر بایرن میونشن لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، چاوەڕێ دەکرێت چەندین گۆڕانکاری گەورە لەو یانەیە بکرێت و دەنگۆیەکیش هەیە کە زۆربەی یاریزانەکانی ئەو یانەیە بەڕێدەکرێن و تەنها چوار یاریزان لەو یانەیە دەمێننەوە و یەکێک لەو یاریزانانەش کە بلاوگرانا ئامادەنییە دەستبەرداری بێت، لیۆنێل میسیە.

ماڵپەری وەرزشی گۆڵی جیهانی زانیاریی دەستکەوتووە کە کارگێری ئەو یانەیە دەیەوێت دەستکاری پێکهاتەی یانەکەیان بکات و لە پێناو بنیاتنانەوەی تیپێکی بەهێز، دەستبەرداری زۆربەی هەرە زۆری یاریزانەکانی یانەکەیان دەبن و تەنها چوار یاریزانی دەهێڵنەوە.

لیۆنێل میسی گۆڵکاری مێژوویی بارسا یەکێکە لەو چوار یاریزانەی کە کارگێری یانەکەی دەیەوێت لە یانەکەیان بمێنێتەوە، سەرەرای ئەوەی کە دەنگۆیەک هەیە یاریزانەکەی تانگۆ بیر لە جێهێشتنی یانەکەی دەکاتەوە و ئەو یاریزانەش زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی گرێبەستەکەی ئەوەیە  رێگری لێ نەکرێت لە جێهێشتنی یانەکەی.

بابەتە چوونی لیۆ لە یانەکەی ماوەیەک پێش ئێستا سەریهەڵداوە، ئەو یاریزانە دوای لەدەستدانی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا، زۆر بە راشکاوانە ئەم بابەتەی وروژاند و گومان لە مانەوەی دەکرێت، لە کاتێکدا میسی تەنها یەک وەرز لە گرێبەستەکەی ماوە و تاوەکو ئێستاش ئامادەنەبووە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.

هەر یەکە لە مارک ئاندرێ تێر شتیگن گۆڵپارێزی ئەڵمانی و کلێمێنت لێنگلێت بەرگریکاری فەڕەنسی و هەروەها دی یۆنگ ناوەڕاستکاری هۆڵەندی سێ یاریزانەکەی دیکەن کە کارگێری بارسا بریاریداوە دەستبەرداریان نەبێت و لەگەڵ میسی لە یانەکەیان بەردەوام بن.

بڵاوبونەوەی ئەم دەنگۆیە لە کاتێکدایە کە هاندەرانی بارسێلۆنا چاوەڕێ هەڵبژاردنی پێش وەختە دەکەن و داوایان کردووە کە کارگێری یانەکەیان دەست لە کار بکێشێتەوە.