مستەفا چاوڕەش: به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ له‌ ئه‌ستۆی پارتی و یه‌كێتییه‌

داوا لە یەكێتی و پارتی ده‌كات لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا یەكدەنگ بن

K24 - هه‌ولێر:

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 راگەیاند، "لەگەڵ ئەوەدام ھەفتەی جارێك یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە، چونكە تاكە چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستای ھەرێمی كوردستان یەكڕیزی نێوان لایەنەكانە، بەتایبەت یەكێتی و پارتی".

سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئابووری ھەرێمی كوردستان، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی جه‌ختیكرده‌وه‌، وەك چۆن لە دەستكەوتەكان پشكی شێر بەر یەكێتی و پارتی دەكەوێت، بەپێچەوانەوە لە چارەسەركردنی دۆخە نەخوازراوەكانیش بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە سەر شانی ئەو دوو حزبە، ئینجا ئەو لایەنە سیاسییانەی دیكە كە بەشداری حكوومەتن.

چاوڕەش ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان وەك یەكێتی ھەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن، بۆیە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە ھەوڵی چارەسەكردنی دۆخەكە دەدەن.

لەسەر ناڕەزایەتییەكان و خۆپیشاندانەكان، مستەفا چاوڕەش گوتی: ئەوان لەگەڵ داوا رەواكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستانن، بەڵام پێویستە ناڕەزایەتییەكان لە چوارچێوەیەكی مەدەنیانەوە بخرێنەڕوو، بەبێ ئەوەی ھێرش بكرێتە سەر بارەگا و دامەزراوە حكومییەكان.

هه‌روها داواشیكرد، یەكێتی و پارتی خۆیان بەدەم داوا رەواكانی خەڵكەوە بچن، بۆ ئەوەی جڵەوی ناڕەزایەتییەكان نەكەونە دەست كەسانێك، كە تا ئێستا سەرما و گەرمایان بۆ ھەرێمی كوردستان نەچەشتووە.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغداش، مستەفا چاوڕەش داوای لە یەكێتی و پارتی كرد، لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا یەكدەنگ بن، چونكە ھیچ كات عێراق چاوی بە پەرەسەندن و پێشكەوتنەكانی ھەرێمی كوردستان ھەڵنەھاتووە. ھۆشداریش دەدات، لەوەی ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بە جیا شاند بنێرنە بەغدا، ئەوا كاریگەری لەسەر سەنگ و قورسایی ھەرێمی كوردستان دەبێت و پێگەی ھەرێمی كوردستان لەبەرامبەر بەغدا لاواز دەبێت.