ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پرسی مووچه‌ و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوتوێ ده‌كات

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێی پرسی مووچه‌ و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئەمڕۆدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، تاوتوێی پرسه‌كانی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و مووچه‌ و ئەنجامی پڕۆسەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی شەممە 2020/8/15 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد و جەخت لەوە کردەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر رێککەوتنێک دەبێت رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات.

ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە پێشڤەچوونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو. لە سەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەش، لە سەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم رێککەوتن و بڕیاردرا ، بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە رەوانەی ھەرێم بکرێت.

لەوبارەوە خالید شوانی، وه‌زیری هه‌رێم و ئه‌ندامی شاندی دانوستانكار له‌گه‌ڵ به‌غدا  بە كوردستان24ی راگەیاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بكات.

 گوتیشی: "لەناو وەرەقەی رێككەوتنی نێوانمان نەخشەڕێگایەك ھەیەم كە تێیدا ھاتووە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بكات لە بابەتی داھاتە نەوتی و نا نەوتییەكان، ئەوەی ئیلتیزامی یاسایی و دەستووری بێت ئێمە ئامادەین جێبەجێی بكەین، ئەوانیش دەبێ ئامادەبن ئیلتیزاماتەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، دەبێ مانگانە 320 ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكەن، وەك بەشێك لە ئیستحقاقاتی مووچەخۆران".