كازمی: عێراق تائێستا پێویستی بە یارمەتی ئەمەریكا ھەیە

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سەردانی ئەمەریكا دەكات

K24 - ھەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت لەسەر رۆڵی گرنگی هێزەکانی ئەمەریکا دژی ھەڕەشەكانی داعش دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت، تائێستا عێراق پێویستی بە یارمەتی ئەمەریكا ھەیە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆشیەتد پرێس، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لەسەر رۆڵی گرنگی هێزەکانی ئەمەریکا دژی هەڕەشەکانی داعش کردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی تا ئێستاش پێویستی بە یارمەتی ئەمەریکا هەیە، بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش.

کازمی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هەمیشە پێویستیمان بە هاوکاری و هەماهەنگی دەبێت، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەگەرچی بەشێوەی راستەوخۆی سەربازیش نەبێت، بەڵام لە رووی مەشق و راهێنان و ناردنی چەکەوە پێویستیمان بە هاوکارییە".

ئەمڕۆ سێشەمە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرەو ئەمەریكا بەڕێدەكەوێت و ھەر یەك لە وەزیرانی بەرگری، دەرەوە، نەوت، كۆچ و كۆچبەران، كارەبا، لە سەردانەكەدا یاوەری كازمی دەبن.

سبەی چوارشەممە دیدار و كۆبوونەوەكانی كازمی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا دەست پێدەكات و لە یەكەم وێسگەشدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە دەبێت. رۆژی 20/8/2020 مستەفا كازمی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆدەبێتەوە.

پێش سەردانی كازمی، دوێنێ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەیاوەری ژمارەیەك لە راوێژكار گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا و بڕیارە لە گەڕێكی نوێی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمەریكا و عێراق بەشدار بێت.