فەوزی هەریری: ئەمەریکا پێداگر بوو لە بەشداریی کورد لە دانووستانەکانی واشنتن و بەغدا

"پشتگیری لە کازمی دەکەین، بەڵام پێداگریشین لەسەر مافەکانمان"

 

K24 - هەولێر

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەڵێ شاندی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، پێداگرە لەسەر مافەکانی هەرێمی کوردستان.

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، كە ئێستا بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی شاندی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا لە واشنتنە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەمریكا رۆڵێكی سەرەكی ھەبوو لە جەختکردنەوە لە بەشداربوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە دانووستاندنەکانی نێوان واشنتن و بەغدا".

فەوزی ھەریری گوتیشی "ئەمەریکا، چەندین جار راستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرۆکایەتی و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە پێویستە ئێمە ئامادەبین".

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە لەوەی "ئێمە پشتگیری لە مستەفا كازمی دەكەین، بەڵام پێداگر دەبین لەسەر مافە رەواكانمان و ئەو لێتێگەتشنانەی لە كۆبوونەوەكانی نێوان بەغدا و واشنتن واژۆدەكرێن".

شاندێکی عێراق بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەندامیێتی چەند وەزیرێک ئێستا لە واشنتنە. گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەی سبەی (پێنجشەممە، 20-8-2020) کازمی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاردانە لەبارەی چارەنووسی 5000 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق.