وێنەی كورتكراوەی ساڵی 2020 گڕ له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رده‌دات

وێنەی دەربڕینێكی راستەقینە بۆ ساڵی 2020

K24 - ھەولێر:

وێنەیەكی ئاگركەوتنەوەی دارستانە گڕگرتووەكانی كالیفۆرنیا، لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبوونەوەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، وەك وێنەی دەربڕینێكی راستەقینە بۆ ساڵی 2020. 

لەو وێنەیەدا، كە وێنەگری" Associated Press "، نوح بێرگەر گرتوویەتی، دۆزەخێك دەوری تابڵۆیەكی داری گرتووە  لە لای دەرگای "Senior Center "وە، لەو تابڵۆیەدا داوا لە سەردانكەران دەكرێت: دەمامك ببەستن، دەست بشۆن، لێكدووری كۆمەڵایەتی پەیرەو بكەن، پارێزراو بن" و بە  وەرە لە گەڵمان بە" كۆتایی دێت.

دیمەنە سامناكەكە رۆژی سێشەممە لە ھەرێمی نابا وێنەی گیراوە. زۆر بەخێرایی لە تویتەر بڵاو بوویەوە. زۆربەی خەڵكەكە بەوەی وەسفكرد، كە كورتكراوەی ئەم ساڵەی پڕ لە ئاشۆب و گێره‌شێوێنییه‌.

رۆبرت مایەرز، كە یەكێكە لەبەكارھێنەرانی تویتەر، نووسیویەتی: "ساڵی 2020 لە یەك وێنەی جواندا". یەكێكی دیكە گووتوویەتی: ئەمە دەبێتە وێنەی بەرگ لە بەشی مێژوو لە ساڵی 2020.

ئاگر لە دارستانی ویلایەتی گۆردن كەوتووەتەوە، كە بەھۆی ھەزاران برووسكەوە ھەڵگیرساون لە ئەنجامی ئەو باھۆزانەی ئەم دواییەوە كە بارانیشیان لەگەڵ نیە.

لە ئه‌نجامی ئاگر و باھۆزەكەوە، باكوورێ كالیفۆرنیا زۆر زیانی بەركەوتووە و 175 بینایە و خانووی وێرانبووە  لە ناوچەكەدا.