گوتەبێژی قایمقامییەتی کەلار دوای سووتانی قایمقامییەت: لەسەر دوو بابەت لێکۆڵینەوە دەکەین

"زیانێکی زۆر بە قایمقامیەت کەوتووە و دوو ئۆتۆمبێلیش سووتێنراون"

K24 - کەلار

ئێوارەی دوێنێ، بەشێکی خۆپیشاندەران لە کەلار ئاراستەی خۆپیشاندانەکانیان گۆڕی بۆ سەر دامودەزگاکانی حکومەت، قایمقامییەتی قەزای کەلاریان سووتاند، گوتەبێژی قایمقامییەتیش دەڵێ "لەمبارەیەوە لەسەر دوو بابەت لێکۆڵینەوە دەکەین".

هەردی سەرکەوت، گوتەبێژی قایمقامییەتی قەزای کەلار بە کوردستان24ـی راگەیاند لە ئەنجامی ئاگرەکە "زیان بە قایمقامییەت کەوتووە، دوو ئۆتۆمبێل سووتاون، کە یەکێکیان هی پاسەوانێکی قایمقامییەتی قەزای کەلارە و ئەوەی دیکەش هی فەرمانگەیەکی نێو قایمقامییەتە".

جگە لەوە بەگوتەی ئەو گوتەبێژە، هەندێک ژووری قایمقامییەتی کەلار سووتاون کە پێکهاتوون لە: پرسگە، ژووری دۆسییەکانی هاووڵاتییان، هەروەها هەندێک خۆراک، کە لەڕێگەی خێرخوازانەوە کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت.

خۆپیشاندانەکە دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بووە و لەکاتێکدا بووە کە دەوام نەبووە. هەردی سەرکەوت دەڵێ ئەوکاتە "تەنیا پاسەوانەکان لێرە بوون، واتا کاتێک نەبووە ئەوان بێن و داواکاری ئاراستە بکەن و ئێمەش وەڵامیان بدەینەوە".

گوتەبێژی قایمقامییەتی کەلار جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئێمە، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین، هەم بۆ زانینی زەرەر و زیانەکان، هەم بۆ زانینی ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر قایمقامییەت، چونکە ئەوە فەرمانگەی هاووڵاتییانە و موڵکی هیچ کەس و لایەنیک نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو (شەممە، 22-8-2020) تەقە لە باره‌گای لقی دوازده‌ی پارتی کرا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ و باڵه‌خانه‌ی قامیقامیه‌ت و بنكه‌ی پۆلیسی هاتووچۆش سووتێندران. دواتر کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی "ئەمانە دەستی تێکدەر بوون و ماف بەو شێوەیە داوا ناکرێت، کە بارەگاکانی حکومەت بسووتێنرێن".

هـ.ر.