مسماری: توركیا و ویفاق بڕیاریان داوە ھێرشی سەر سرت بكەن

ئاگربەست بۆ ھەڵخەڵەتاندنی رای گشتی ناوخۆیی و دەرەكییە

K24 - ھەولێر:

گووتەبێژی "سوپای نیشتیمانی لیبیا، لیوا ئەحمەد مسماری، دەستپێشخەری دەسەڵاتدارانی تەرابلوس بۆ ئاگربەست، بە ھەڵخەڵەتاندنی رایگشتیی دانا و رایگەیاند، حكوومەتی ویفاق و توركیا بڕیاری هێرشكردنیان داوە.

مسماری ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گووتی: ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتیی حكوومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیا، فایز ئەلسەڕاج،  بۆ ھەڵخەڵەتاندنی رایگشتی ناوخۆیی و دەرەكییە، ئامانجیش لەم دەستپێشخەرییە شاردنەوەی نیازە راستەقینەكانیانە دەربارەی رەوشی لیبیا.

راشیگەیاند، ئەو جووڵە سەربازییەی ئەم دواییە دەیسەلمێنێت " پلانەكە لە حكوومەتی ویفاق گەورەترە" كە واژووی لە سەر ئاگربەست كردووە. گوتیشی: وەزیری بەرگری توركیا، خلوسی ئاكار "ئەمڕۆ لەگەڵ ھەندێك لە سەركردەكانی دەسەڵاتدارانی تەرابلوس كۆبووەتەوە" بڕیاریانداوە هێرش بكەنە سەر سرت.

گووتەبێژی سوپای نیشتیمانی لیبیا روونیشیكردەوە، "لە میانی 24 كاتژمێری رابردوودا، چاودێریان كردووە كەشتییە سەربازەكانی توركیا بەرەو سرت دێن و لە رەوشی ھێرشكردن دان".

گووتیشی: دەستپێشخەرییەكەی حكوومەتی ویفاق بۆ خۆڵكردنە چاوانە و ئەم راستییە لە واقیعدا و لەسەر زەوی ھەیە. ئەو دەستپێشخەرییە "لە پایتەختێكی دیكە نووسرا"وە و ئەمەش جەخت لە سەر نیازی ھێرشكردنە سەر سوپای نیشتیمانی لیبیا دەكاتەوە".

ھەروەھا گووتی: "تیرۆر لە لیبیادا بە چاودێری نێودەوڵەتی لە بەرفراوانبوون دایە"، دووپاتیشیكردەوە، سوپای نیشتیمانی لیبیا بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر هێرشێك.