نەخشەی داعش لە سەر مێزی نەتەوە یەكگرتووەكانە

سامانی داعش و ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی ئاشكرا ده‌كات

K24- ھەولێر

بە ھەنگاوی خوێناوییەوە، جارێكی دیكە، داعش توانیی سەرھەڵبداتەوە و رەوشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ئەو مەبەستە بقۆزێتەوە، وێڕای ھۆشداریییەكانی دەزگاكانی ئەمنی و ھەواڵگری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان. رێكخراوی تیرۆرستی داعش ئێستا ھەڕەشەیە لە سەر عێراق، سوریا و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەفریقیا، بە تایبەتی ناوچەی رۆژئاوای ئەفریقیا، چالاكییەكانیان لەم چەند مانگەی دواییدا لە سەرەتای ئەم ساڵی 2020ـه‌وە زیادی كردووە، كه‌ دوای كوشتنی ئەبووبەكرد بەغدادی سەركردەیان لە ھێرشێكی ئاسمانیی ھێزەكانی ئەمەریكادا لە سوریا، داعش لە 31ی تەشرینی یەكەمی ساڵی 2019 رایگەیاند، محەمەد سەعید عەبدولڕحمان ئەلمەولی وەك جێنیشینی بەغدادی ھەڵبژێردرا.

بەپێی راپۆرتێك كە نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەی كردووە، لە سەرتای ئەم ساڵەوە چالاكی داعش رووی لە زیادبوون كردووە و سەركردە نوێیەكه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ لە سەر ھەمان رێبازی بەغدادی دەڕوات و بەھەمان رێبازی پێشووی وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی نێودەوڵەتی بەردەوامە و به‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ژمارەی ھێرەشەكانی ئەو رێكخراوە لە ھەندێك ناوچە زۆر زیادی كردووە.  

داعش ئێستا چەند چەكدار و چەند پارەی ھەیە؟

بەپێ مەزندەكان، داعش نزیكەی 10 ھەزار چەكداری چالاكی  لە عێراق و سووریا ھەیە، ئەمە جگە لەو چەكدارانەی چالاك نین. بۆ پارەداركردنی چالاكیییەكانیشی پەنا دەباتە بەر پیتاك و رفاندنی خەڵك و ئازادكردنیان بەرامبەر پارە و ھەراسانكردنی كۆمۆمپانیا و تاكەكان و كاری بازرگانی. راپۆرتی وڵاتان جەخت دكەنەوە، یەدەگی دارایی داعش دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار.

داعش لە ئەفریقیا:

لە رۆژائاوی ئەفریقیا، كە له‌لایه‌ن ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییه‌وه‌ به‌ ناوچەیەكی تیرۆرستی چالاكی رێكخراوی داعش ناسێنراوه‌، ژمارەی ئەندامانی ئەم رێكخراوە دەگاتە 350 ئەندام. ویلایەتی ناوەڕاستی ئەفریقیا سەر بە رێكخراوی داعش لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات چالاكە، لەوانەش ئەو ھێڕشانەی دەكەنە سەر نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەدەستھینانی بەرقەراری لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات. بەپێی راپۆرەتەكانی نێودەوڵەتی، داعش جەخت  لەسەر دامەزراندنی " خیلافەت" لە مۆزەمبیق دەكاتەوە. لە ھەرێمی كابو دیلگادۆی باكووری رۆژەھەڵات، رێكخراوی داعش توانی ھەندێك ھێڕشی ئالۆز بكات و بە شێوەیەكی كاتی ھەندێك گوند لە 11 ئاب داگیر بكات و شاروچەكەی Mocímboa da Praia دووچاری ھێرشكی كۆمەلەیەكی تیرۆرستان بووەوە، كە له‌ 2019 ـه‌وه‌ بەڵێینی پەیماندانیان بە داعش دابوو و لە كۆتاییشدا دەستیان بەسەر بەندەرداگرت.

بریارە لە دانیشتنێكی كراوەدا گفتووگۆ لەسەر راپۆرتی ئەنتۆنیو گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت، بە ئامادەبوونی بریكاری ئەمینداری گشتی، فلادیمێر فورنكۆف، سەرۆكی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لەناوبردنی تیرۆر و یاریدەدەری ئەمینداری گشتی، میشێل كونیكس، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لیژنەی لەناوبردنی تیرۆر(CTED) سەبارەت بە ھەڕەشەكانی رێكخراوی داعش لە عێراق و سوریا. راپۆرتەكەش لە ژێر ناوی " ئەو ھەڕەشانەی دووچاری ئاشتی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەبنەوە بەھۆی تیرۆر"ە.

داعش لە یەمەن:

لە یەمەن، رێكخراوی داعش چالاكییەكانی خۆی بەڕێگای ھەندێ لە ئەندامەكانی لە ناوچەكەدا و ھەندێك كۆمەڵە ئەنجامدەدات. ھەروەھا ھاوپەیمانیی لەگەڵ كۆمەڵەی نوسرەی ئیسلامی ھەیە، كە راپۆرتەكەدا ئەمێینداری گشتی بە" كۆمەڵەی ھەرە مەرترسیدار" وەسفی دەكات و چالاكیی لە ناوچەی سنووری نێوان بوركینا فاسۆ و مالی و نەیجەر ھەیە. 

داعش لە دوورگەكانی مالدیف:

لەم دوایانەشدا، رێكخراوی داعش گەیشتە دورگەكانی مالدیف و لە  15ی نیسانی رابردوو ئاگری لە پێنج بەلەمی خێرا خستەوە، كە بەلەمەكان مولكی حكومەتی دوورگەكانی ماڵدیف بوون.

داعش لە ئەفغانستان:

راپۆرتەكە باسی رێكخراوەكە لە ئەفغانستان دەكات و ده‌ڵێت، ھەرچەند ئەسلم فارۆقیی سەكردەیان لە نیسانی رابردوو دەستگیركرا، بەڵام لە ئاب چەكدارانی سەر بەداعش توانیان بەشێوەیەكی كاتی دەست بەسەر زیندانی شاری جەلال ئاباد دابگرن و 270 زیندانی ئازاد بكەن. ھەرەوەھا رێكخراوەكە ھەوڵ دەدات له‌ میانه‌ی ھەوڵەكانی بۆ راكێشانی ئەو چەكدارانەی تاڵیبان كە دژی رێكەوتنی ئەمەریكا و تالیبانن كە شوباتی رابردوو ئەنجامدرا، سوود  لە پرۆسەی ئاشتی ئەفغانی وەرگرێت.

ھەر لە راپۆرتەكەدا باسی دادگاییكردنی چەكدارە تیررستە بییانییەكان كراوە و چونیەتی دووبارە تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ كۆمەڵگاكانیان كراوه‌، كە تەوەری بڕیارێكە و ئێستا ئەندامانی ئەنجوومەن گفتوگۆی لە سەر دەكەن و رەوشی ئەو كەسانەی گومانلێكراون لە پەیوەندییان لەگەڵ داعش لە كەمپەكانی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا (رۆژاڤا) بە ترسناك و ئالۆز وەسف دەكات، بە تایبەتی سەبارەت بە مناڵەكان و ئافرەتەكان، كە پێویستییان بە ھاوكاری بە پەلەیە.

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە دەوڵەتان كرد، ھاووڵاتیانی خۆیان بگەڕێننەوە، بە شێوەیەك كە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیی مافەكانی مرۆڤ و یاسای پەنابەران بەڕێوەبچێت و جەختیكردەوە، دەبێت دوور بێت لە رێكار و سیاسەتەكانی لێسه‌ندنەوە رەگەزنامە.

ھەروەھا لە راپۆرتەكەدا، باس لە زیادبوونی نیگەرانی لە بارەی چارەنووسی منداڵان دەكات و جەختی كردەوە، لە سەر گەڕاندنەوی ئازادانەیان بۆ وڵاتەكانیان وپاراستنیان و دووبارە ئامادەكردنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگا، دەبێت یەكێك لە پرسە سەرەكییەكان بێت.