هەر ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تووشی کۆرۆنا ببێت، لە هەولێر چارەسەر دەکرێت

د. سامان بەرزنجی: ناردنی نەخۆشەکانیان متمانەیەکی گەورەیە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لەمەودوا هەر کەسێک لە ئەندامانی ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سنووری عێراق تووشی کۆرۆنا ببێت، دەهێنرێتە هەولێر بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 25-8-2020) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند: "ئەمڕۆ دواهەمین کۆبوونەوەی تیمی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ تیمی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) دەکەین لەسەر بڕیارێکی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان".

وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری داوە "هەر ئەندامێکی ستافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە عێراق تووشی کۆرۆنا دەبن، بهێنرێنە پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەر".

بۆ چارەسەرکردنی ئەو تووشبووانە، نەخۆشخانەیەک بە هەماهەنگی هەردوولا تەرخان دەکرێت، سامان بەرزنجی خۆشحاڵە بەو دەستپێشخەرییە و دەڵێ "ناردنی نەخۆشەکانیان متمانەیەکی گەورەیە، لە هەمان کاتدا پردێکی پەیوەندیی بەهێزتر دەبێت لە پاڵپشتیی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیمەش وەکو وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنمان پێداون کە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەین".

ئەمە لەکاتێکداییە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، "لە هەڵسەنگاندنێکی ورددا سوپاسی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و رێکارە تەندروستییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنایان زۆر بە باشی هەڵسەنگاند".

گوتەکانی وەزیری تەندروستی لەمیانی بەڕێوەچوونی مەراسیمێک بوو لە هەولێر، کە تێیدا بەهەماهەنگیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و کونسوڵخانەی ئەمەریکا: شەش ئەمبیوڵانس، ژمارەیەک پێداویستیی پزیشکی، هەندێک ئامێری دروستکردنی ئۆکسجین بۆ بەشەکانی چاودێریی چڕ، پێداویستیی تاقیگەیی بۆ پشکنینی کۆڤید-19، هەندێک پێداویستیی خۆپاراستن بۆ نەخۆشخانەکان و بڕێک پێداویستیی دیکە کە بە 800 هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بۆ وەزارەتی تەندروستی دابینکرا.

کونسوڵی ئەمەریکا سوپاسی کارمەندان و ستافی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەکات

رۆب وۆڵەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا ئاشکرای کرد "ئەو شەش ئەمبیوڵانسە بۆ خزمەتی پەنابەرانی سووری لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەروەها ئەو کۆمەڵگەیانەیە کە لێیانەوە نزیکن".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشدا رایگەیاند "سوپاسێکی بێپایانم بۆ کارمەندان و ستافی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و سەرانسەری جیهان کە لێنەبڕاوانە کاردەکەن بۆ سەلامەتهێشتنەوەی ئێمە لەم سەردەمی پەتا جیهانییەدا... سوپاسی هەوڵی پاڵەوانئاساتان دەکەین لەم دۆخە سەختەدا، ئێوە هاوڕێ و هاوبەشێکتان بەردەوام دەبێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا".

هـ.ر.