گوتەبێژی پارتی: بەمجۆرە دەگەینە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی

"دەبێت کۆببینەوە و لەسەر وردەکارییەکان رێکبکەوین"

K24 - هەولێر

گوتەبێژی پارتی رایدەگەیەنێت، دۆخەكە وا دەخوازێت بەمنزیكانە پارتی و یەكێتی كۆببنەوە. جەختیش دەكاتەوە لەوەی؛ بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، دەبێت لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر وردەکارییەکان رێکبکەون.

شەوی رابردوو لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی بارزان مەلا خالید، سیاسەتمەدار و پێشمەرگەی دێرین، مەحموود محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد بەمزووانە لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "ئێمە دەبێت هەوڵبدەین ئەو گرێیانەی ئێستا هەن، خاویان بکەینەوە و بگەینە ئەوەی بەرە بەرە ناوەڕۆکی رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوانمان جێبەجێ بکەین هەر لە بابەتی پەرلەمانەوە تاوەکو حکومەت و ئەو یاسایانەی رەهەندی دەستوورییان هەیە، بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەیەکەوە هاوکاری بکەین هەروەها لەوەی چۆن هەردوولامان بەیەکەوە بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین لە بەغدا".

پارتی هەندێک نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی دژی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانن. مەحموود محەمەد دەڵێ "ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین: لایەنەکانی دەسەڵات لە بەغدا هەوڵێکی زۆر جیدیان هەیە بە پشتیوانیی هەنێک بەداخەوە نوێنەرانی کە لە کوردستان متمانەیان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی بە خوێن و خەبات دەستکەوتوون، پووچەڵ بکەنەوە، بێ بەهایان بکەن یان کاڵیان بکەنەوە"

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند "کۆبوونەوە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانە کە دەبێت هەوڵی بۆ بدەین جێبەجێ بکرێت و زەمینەی بۆ خۆش بکەین. دەبێت بەم نزیکانە ئەم کۆبوونەوەیە بکرێت، چونکە لەو کۆبوونەوەیەدایە ئەو خاڵانەی دیکەی لەسەریان رێککەوتووین، ورددەکرێنەوە و ئالییەتی جێبەجێکردنیان بۆ دادەنرێت، بۆیە بە جێبەجێکردنی ئەمە؛ دەگەیەنە قۆناغێکی دیکە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان".

قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە گوتەی مەحموود محەمەد "رەنگدانەوەی لەسەر هەموو پرۆسەی سیاسیی کوردستان دەبێت و دەتوانین بڵێین پاڵپشتییەکی گەورەش دەبێت لە بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقی و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەگەڵ حکومەتی فدراڵی هەمانە".

هـ.ر.