لە ماوەی سێ مانگدا تەنیا 74 گەشتیار سەردانی ئێرانیان كردووە
K24 – ههولێر:
وەزیری كەلەپوور و رۆشنبیری و گەشتوگوزاری ئێران، عەلی ئەسغەر موئنسان رایگەیاند، لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ تەنھا 74 گەشتیار سەردانی ئێرانیان كردووە، كەچی ساڵی رابردوو لە ھەمان ماوەدا ژمارهی گهشیارانی ئهو وڵاته 2 ملیۆن 300 ههزاری تێپهڕاندبوو.
سەبارەت بە گەشتیاری بیانی، موئنسان گوتی: ژمارهی گهشتیاران دابەزینێكی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە، به شێوهیهك لە ماوهی سێ مانگی چارەگی دووەمی ساڵی 2019، 2.3 ملیۆن گەشتیار سەردانی ئێرانیان كردبوو، بەڵام ئەم ژمارهیە لە ھەمان ماوەی ساڵی (2020) دابەزی و گەیشتە تەنھا 74 گەشتیاری بیانی.
ئەمەش بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ قەیرانی كۆرۆنا و ئەو رێكارانە دەگەڕێتەوە، كە بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە گیراونهتهبهر، بە شێوەیەك قەیرانەكە كاریگەری لە سەر كەرتی گەشتیاری و گواستنەوە لە تەواوی جیھان كردووه.
لە حوزەیرانی رابردوو وەزارەتی گەشتوگوزاری ئێرانی زیانەكانی پیشەسازیی گەشتوگوزاری بەھۆی كۆرۆنا بە 757 ملیۆن دۆلار مەزندەكرد.