ئيسرائيل نهێنییه‌كی نێوان توركیا و به‌رپرسانی حه‌ماس ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
گه‌وره دیپلۆماتكارێكی ئیسرائیلی رایگه‌یاند، توركیا پاسپۆڕتی وڵاته‌كه‌ی به 12 ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس داوه و ئه‌مه‌شی به "هه‌نگاوێكی خه‌راپ" ناوبرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا تاوتوێ ده‌كات.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، دوای چه‌ند رۆژێك له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حه‌ماس له ئیستانبوڵ، روی جه‌لعاد، كاربه‌ڕێكه‌ری ئیسرائیل له توركیا گوتی: ساڵی رابردوو وڵاته‌كه‌ی به ئه‌نقه‌ره‌ی راگه‌یاندبوو، كه بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس چالاكی تیرۆریستانه ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام توركیا هیچ جووڵه‌یه‌كی نه‌كرد.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ناكۆكی له نێوان ئیرائیل و توركیا سه‌ری هه‌ڵداوه، هه‌رچه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی بازرگانی هه‌ردوولا به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵام له ساڵی 2018 باڵیۆزانی یه‌كتریان له وڵاته‌كانیان ده‌ركرد.
جه‌لعاد گوتی: ئیسرائیل به‌ڵگه‌ی ته‌واوی به‌ده‌سته‌وه‌یه، كه توركیا به پێدانی پاسپۆرت و ناسنامه هاوكاری ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌كات، له‌كاتێكدا یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به رێكخراوێكی تیرۆریستی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "خه‌ریكه ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی حه‌ماس پاسپۆرتی توركیا به‌ده‌ستده‌هێنن و هه‌ندێكیشیان پێشتر وه‌ریانگرتووه، به‌ڵام ئێستا ئێمه ته‌نیا باسی 12 كه‌س ده‌كه‌ین كه به‌ده‌ستیان هێناون".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، رۆژی شه‌ممه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ئیستانبوڵ میوانداری ئیسماعیل هه‌نییه، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی كردبوو، ئه‌مه‌ش دووه‌م جاره له ماوه‌ی ئه‌مساڵ ئه‌ردۆغان بانگهێشتی به‌رپرسانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بكات، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیاش بووه جێی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و له كاردانه‌وه‌یدا واشنتن یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ی حه‌ماسی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه رۆڵێكی گه‌وره‌ی له زنجیره‌یه‌ك هێرشی تیرۆریستی و كاری رفاندندا هه‌بووه، له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نقه‌ره ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئه‌مه‌ریكای ره‌تكرده‌وه.
جه‌لعاد گوتی: ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی حه‌ماس كه پاسپۆرتی توركییان به‌ده‌ستهێناوه، له ئیستانبوڵه‌وه كرده‌وه‌ی تیرۆریستی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و پاره‌داركردنی ئه‌و كرده‌وانه له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئیسرائیل هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری هاوپه‌یمانه ستراتیژییه‌كانی نابێت، كه له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه پێكیهێناون، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیاش ئاسایی بكاته‌وه و گوتی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئیسرائیل ده‌ستبه‌رداری یۆنان، قوبرس و میسر نابێت".
H.B