لەبیری چوو مایكرۆفۆن كراوەیە.. وەزیری بەرگری ئەڵمانیا زانیاری ھەستیاری لە سەر ململانێی یۆنان و توركیا ئاشكرا كرد

یۆنانییه‌كان نه‌رمترن و توركیا تونده‌

K24 - ھەولێر:

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئەنیگرێت كرامب كارینباوەر،سەبارەت بە ململانێی نێوان توركیا و یۆنان لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بە ھەڵە زانیاری ناڕاگەیاندراوی بۆ رایگشتی ئاشكراكرد.

رۆژی چوارشەممە، لە میانی كۆبوونەوەیەكی نافەرمیی وەزیرەكانی بەرگریی یەكێتی ئەورووپا لە بەرلین، ئەنگرێت وەڵامی پرسیاری رێكخەری سیاسەتی دەرەوە لە یەكێتی ئەورووپا، جۆزێب بۆرێلی دایه‌وه‌، لە بارەی ئاستی سەركەوتنی دانووستان لە نێوان توركیا و یۆنان، بەڵام وەك دیارە وەزیری ئەڵمانیا نەیدەزانی مایكرۆفۆنەكەی تایبەت بە خۆی كراوەیە.

لە ئەنجامی ئەو ھەڵەیە، ئەنگرێت بۆ ھەموو ئامادەبووان بە رۆژنامەنووسانیشەوە وەڵامەكەی ئاشكراكرد و گوتی: "ھەڵوێستەكە قورسە، لایەنی یۆنانی ھەندێ نەرمترە، بەڵام لایەنی توركی زۆر توندە".

رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپاش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: "توركەكان زۆر تووڕەن و ھەست دەكەن یۆنانییەكان پشتییان پێنابەسترێت".

دوای ئەوەی ئەنقەرە كەشتیی رووپێویی "عروج رەئیس"ی رەوانەی ئاوی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست كرد، گرژی لەنێوان یۆنان و توركیا پەرەیسەند و ئەسینا ئەم ھەنگاوەی ئەنقەرەی بە نایاسای ناساند.

یۆنان و توركیا، ھەردووكیان ئەندامی "ناتۆ"نە و زۆر ناكۆكن لە سەر مەسەلەی سەرچاوەكانی ھایدرۆكاربۆنی لە ناوچەكەدا بەھۆی تێڕوانینە جیاوازەكانیان بۆ لێواری كیشوەری لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

سه‌رچاوه‌: RT