حزبی سەعادەتی توركی: ئەو كێڵگە غازەی دۆزراوەتەوە داچۆڕانی ئابووریمان ناگرێتەوە

بانكی ناوەندی توركیا 94 ملیار دۆلاری لە یەدەگەكەی خۆی لەدەستداوە و داھاتی دەوڵەت 200 ملیار دۆلار كەم بووەتەوە

K24 - ھەولێر:

"حزبی سعادەت"ـی توركی رایگەیاند، ئەو داھاتەی چاوەڕوان دەكرێت لەو كێڵگە غازەی لە دەریای رەشدا دۆزراوەتەوە و مەزندە دەكرێت بە بەھای 8 ملیار دۆلار بێت، تەنھا پێچەكێكی بچووكە بۆ برینێكی چۆڕاوی ئابووری توركیا.

ئەوحزبەی توركیا، كە ئاراستەیەكی ئاینیی ھەیە، كورتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردووەتەوە لە تویتەرەكەی خۆیدا و گوتوویەتی: وەزیری دارایی،  بیرات بەیرەق ناتوانێت ئەو كێڵگەیه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌ بەكار بھێنێت.

گوتیشی: بانكی ناوەندی لە سەردەمی بەیرەق، 94 ملیار دۆلاری لە یەدەگەكەی خۆی لەدەستداوە، ھاوكات داھاتی دەوڵەت 200 ملیار دۆلار كەم بووەتەوە. قەرزەكانی كەرتی حكومەت بۆ 750 ملیار بەرز بووه‌تەوە. قەرزەكانی ھاوبەشانی كەرتی تایبەت و گشتی لە گەنجینەدا، گەیشتە 400 ملیار لیرە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی بەھای پارەی بیانی. بەھای 30 لە گەورترین كۆمپانیاكان لە بۆرسەی ئیستانبۆڵ بە نزیكەی 30 ملیار دۆلار دابەزی.

كاردانەوەكان بەردەوامن، دوای ئەوەی سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەینیی رابردوو رایگەیاند، كێڵگەیەكی غاز لە دەریای رەشدا دۆزراوەتەوە و یەدەگەكەی نزیكی 320 ملیار مەتر سێجایە.

سەرچاوە: رۆژنامەی "الزمان"ی توركی