یه‌كێتی ئه‌وروپا داوا له توركیا ده‌كات ده‌ست له ره‌فتاره تاكلایه‌نه‌كانی هه‌ڵگرێت
K24 - هه‌ولێر:
نوێنه‌ری باڵای ئاسایش و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا پوخته‌ی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌یانی به توركیا راگه‌یاند و به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیای گوت: "ده‌ست له ره‌فتاره تاكلایه‌نه‌كانتان هه‌ڵگرن".
له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، جۆزێف بۆریل، نوێنه‌ری باڵای ئاسایش و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا داوای له چاوشئۆغلۆ كرد، "چیتر په‌نا بۆ لێدوان و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری چه‌واشه‌كارانه له‌باره‌ی گرژییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست نه‌به‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به یۆنانه‌وه هه‌یه". هه‌روه‌ها پێی راگه‌یاند، "بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دیالۆگ و دانوستان، بۆ ئه‌وه‌ی به چاره‌سه‌رێكی ئاشتییانه بگه‌ن، كه خزمه‌تی سه‌قامگیری به‌رده‌وامی ناوچه‌كه بكات".
وه‌ك سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ئاماژه‌یان پێداوه، گوته‌كانی جۆزێف بۆریل بۆ هاوتا توركه‌كه‌ی، پوخته‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له‌خۆ گرتبوو، كه هه‌فته‌ی رابردوو وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له كۆبوونه‌وه نافه‌رمییه‌كه‌یاندا له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا پێی گه‌یشتوون و جه‌ختیان له‌سه‌ر پارێزگاریكردن له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ توركیا كردووه‌ته‌وه.
به گوته‌ی پیته‌ر ستانۆ، گوته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا، یه‌كێتییه‌كه‌یان جه‌ختیكردووه‌ته‌وه، "پێویسته كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و به‌لاوه‌نانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ بكرێت"، دووپاتیشیانكردووه‌ته‌وه، "ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره پابه‌ندی داواكارییه‌كانی برۆكسل نه‌بێت، ئه‌وا رێكاری توند به‌رامبه‌ر توركیا ده‌گرنه به‌ر".
ئه‌و داواكارییانه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوكاتن له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌یان بۆ ده‌ركردنی چه‌ند بڕێارێك بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیادا، دوای ئه‌وه‌ی گرژییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له یۆنان و فه‌ره‌نسا گه‌یشنه ئاستێكی به‌رز، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ململانێی ئابووری و جیۆسیاسی له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا.