ماکرۆن گەیشتە بەغدا

"لە عێراق دەست بە دەستپێشخەرییەک دەکەین سەبارەت بە سەروەریی ئەو وڵاتە"

 K24 - هەولێر

سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. پێش ئەوەی بشگاتە عێراق نیازی خۆی ئاشکراکرد، کە دەیەوێت یارمەتی عێراق بدات لە پاراستنی سەروەریی.

ئیمانوێل ماکرۆن دوێنێ رایگەیاند "پشتڕاستی دەکەمەوە سبەی لە عێراق دەبم. لەگەڵ جەنابی وەزیر (ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا) دەرفەتی ئەوەمان دەبێت بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەک دەست پێبکەین. دەستپێشخەرییەک کە پاڵپشتیی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و حکومەتی عێراق بکات بۆ پاراستنی سەروەری خاکەکەی. دەستپێشخەرییەکی راستەقینە".

ماکرۆن، لەوەتەی لە ساڵی 2017ـەوە بە سەرۆکی فەرەنسا هەڵبژێردراوە، یەکەمجارە سەردانی عێراق دەکات.

ماکرۆن ئامانجییەتی لەو سەردانە ماوە کورتەی بۆ بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەبارەی پاراستنی سەروەریی عێراق گفتوگۆ بکات، بەغدا رێڕەوێکی سەربەخۆ بۆخۆی دیاری بکات، دوور لە واشنتن و تاران، کە هەردووکیان "دووژمنی یەکتر" و گەورە هاوپەیمانی عێراقن.

پەیامی ماکرۆن، هەمان پەیامی گەورە دیپلۆماتکاری فەرەنسی لودریان دەبێت، کاتێک مانگی تەممووزی ئەمساڵ لە سەردانێکدا لە بەغدا گوتی "دەبێت بەغدا خۆی لە ئاڵۆزییە هەرێمییەکان بەدوور بگرێت".

چارەنووسی چەکدارە داعشە فەرەنسییەکان چی بەسەر دێت؟

دوێنێ (سێشەممە، 1-9-2020) لە بەیرووت، لەبارەی ئەو چەکدارە فەرەنسییانەی داعش کە لە عێراق و سووریا لە زیندانن، پرسیار لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرا و ئەویش رایگەیاند "ئەوانەی بە ئازادی هەڵیانبژارد بڕۆن لە گۆڕەپانی وڵاتێکی خاوەن سەروەری شەڕ بکەن و کاری تیرۆرستی ئەنجامبدەن، پێویستە لەو وڵاتە دادگایی بکرێن".

گوتەکانی ماکرۆن لەکاتێکدایە 150 فەرەنسی بەهۆی ئەوەی چەکداری داعش بوون، لەنێو کەمپ و گرتووخانەکانی عێراق و سووریا دەستبەسەرن، هەروەها تاوەکو ئێستا 11 فەرەنسی لە عێراق بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە بەهۆی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش.