دوو گۆڕی بەکۆمەڵی سەربازانی سووری دۆزرایەوە

رووفاتی زیاتر لە 50 سەربازی لیوای 93ـیان تێدایە

 K24 - رۆژئاوای کوردستان

تیمەکانی هەسەدە، دوو گۆڕی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە کە تەرمی ژمارەیەک سەربازی لیوای 93ـی سوورییان تێدا شاردرابووەوە.

گۆڕە بەکۆمەڵەکان کەوتوونەتە گوندی فەرحانیەی سەر بە شارۆچکەی عەین عیسا لە پارێزگای رەققە، ئاسایشی ناوخۆی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو شوێنە دەستیان بەگەڕان کردبوو، دوای ئەوەی خەڵکی گوندەکە لە بوونی گۆڕی بەکۆمەڵ ئاگاداریان کردوونەتەوە.

میدیای سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەر لەمبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ (سێشەممە، 1-9-2020) 14 رووفاتی سەربازانی لیوای 93ـی سووری لەنێو یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێنراونەتەوە، دەرهێنانی رووفاتەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی دیکەش دواخراوە بۆ ئەمڕۆ.

ماڵپەڕی هاوار بڵاوی کردووەتەوە "سەرجەم ئەو سەربازانە، لەلایەن چەکدارانی داعش کوژراون و لە شەوی درەنگدا لەلایەن خەڵکی گوندەکە لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە نێژراون، کە ترساون لەوەی ئەوانیش سزابدرێن، ئەگەر نەیاننێژن".

لەنێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی ئەمڕۆ هەڵدەدرێتەوە، بەپێی گوتەی خەڵکی گوندەکە، مەزەندە دەکرێت نزیکەی 40 ئەندامی لیواکە نێژرابن.

هەسەدە دوێنێ 14 رووفاتەکەیان رادەستی حکومەتی سووریا کردووە کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەریانهێنابوون.

بەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵە، ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی رووفاتی سەربازانی لیوای 93ـیان تێدا دۆزراوەتەوە، دەبێتە چوار گۆڕ. پێشتر لە ساڵی 2018 رووفاتی سەدان سەربازی دیکەی لیواکە لەنێو دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە، کە لەلایەن چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 کوژراون.

لە مانگی ئابی 2014، چەکدارانی داعش لەرێگەی سێ تەقینەوەی خۆکوژی دەستیان بەسەر بارەگای لیوای 93ـی سووری لە دەوروبەری رەققەدا گرتبوو، ئەوکاتەش بەشێکی سەربازەکانیان کۆمەڵکوژ کردن.

 

هـ.ر.