سه‌ربازێكی ئیسرائیلی لاسایی پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ربازێكی سوپای ئیسرائیل، له كاتی بڵاوه‌كردن به گردبوونه‌وه‌یه‌كی هاووڵاتیانی فه‌له‌ستینی، هاووڵاتییه‌كی به‌ساڵاچووی فه‌له‌ستینی ده‌ستگیرده‌كات و هاوشێوه‌ی ئه‌و پۆلیسه ئه‌مه‌ریكاییه‌ی "جۆرج فلۆید"ی كوشت، ئه‌ژنۆی ناوه‌ته سه‌ر گه‌ردنی.
ئه‌و هاووڵاتییه به‌ساڵاچووه فه‌له‌ستینییه، به‌شداری له گردبوونه‌وه‌یه‌كی چالاكوانانی فه‌له‌ستینیدا كردبوو، كه له نزیك گوندی "شوفه" له ده‌وروبه‌ری "توڵكه‌ره‌م" دژی بنیاتنانی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی نوێ بۆ جووله‌كه‌كان ئه‌نجامیاندابوو.
سه‌ربازه ئیسرائیلییه‌كه، ئه‌و به‌ساڵاچووه ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كات و به زه‌بر ده‌یخاته سه‌ر زه‌وی و ئه‌ژنۆی ده‌خاته سه‌ر گه‌ردن و سه‌ری و ده‌یه‌وێت له جوڵه‌ی بخات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی له پشته‌وه ببه‌ستێت.
له لێدوانی‌دا بۆ ئاژانسی "وه‌فا"ی فه‌له‌ستینی، ئه‌و هاووڵاتییه به‌ساڵاچووه گوتویه‌تی: "ئه‌و سه‌ربازه ئیسرائیلییه جامی رق و كینی خۆی به‌و په‌ڕی نامرۆڤانه به‌من رشت، ته‌مه‌ن و به‌ساڵاچوونی منی له‌به‌رچاو نه‌گرت و به هه‌موو هێزییه‌وه نیشتبووه سه‌ر سه‌ر و گه‌ردنم".
له به‌رامبه‌ردا، سوپای ئیسرائیل، رایگه‌یاند، "ئه‌و به‌ساڵاچووه چالاكوانه، له لیژنه میللییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیواری جیاكاری و كۆمه‌ڵگه تازه درووستكراوه‌كان و كه‌سێكی ناسراوه لای سوپای ئیسرائیل، رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه له هاندانی خه‌ڵك له دژی سیستەمی گشتی له ناوچه‌كانی یه‌هودا و سامیری".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: ئه‌و به‌ساڵاچووه چه‌ند كه‌ڕه‌تێك هه‌وڵی هه‌راسانكردنی فه‌رمانده‌ی تیپه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئیسرائیلی داوه بۆ ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه بنوێنن، هه‌رچه‌ند فه‌رمانده‌كه دانی به خۆیدا گرتووه، به‌ڵام سوودی نه‌بووه، دوای ده‌ستگیركردنیشی چاره‌سه‌ری پێویستی پێ دراوه".
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ی له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كاردانه‌وه‌ی جیاجیای به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌شێك له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌و رووداوه‌یان به هاوشێوه‌ی ده‌ستگیركردن و كوشتنی جۆرج فلۆید، له لایه‌ن پۆلیسێكی ئه‌مه‌ریكاوه چواند، كه ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی فراوانی له ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا لێكه‌وته‌وه.