دەزگای خێرخوازی بارزانی ھاوكاری دەگەیەنێتە 9 وڵات

دەزگای خێرخوازی بارزانی ھاوكاری 3 ملیۆن و 500 ھەزار كەسی كردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

رۆژی 5ـی ئەیلولی ھەموو ساڵێك رۆژی جیھانی كاری خێرخوازییە، لە كوردستان یەكێك لەو دەزگایانەی بەبێ گوێدان بە نەتەوە و ئایین و ئایدۆلۆژیای جیاواز لەناوخۆی ھەرێمی كوردستان كاری خێرخوازی دەكات، دەزگای خێرخوازی بارزانییە، ھاوكات ئەو دەزگایە چالاكییە خێرخوازیی و ھاوكارییەكانی گەیاندووەتە 9 وڵاتی جیھان.  لە ماوەی 15 ساڵ خزمەت كردن و كاركردن دا، ھاوكاری بەسەر  زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 ھەزار كەس دابەش كردووە.

دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سەرەتاوە بە ئامانجی یارمەتی ھەژاران و لێقەوماوان دامەزراوە و ساڵانە پەرەی بە كارەكانیداوە. لە روودانی ھەر كارەساتێك مرۆیی یان سرووشتی، ھەروەھا شەڕ و ئاوارەیی لە ریزی یەكەمی گەیاندنی ھاوكاریی و كۆكردنەوەی ھاوكاری  و یارمەتی بووە.

موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە شەڕ و رووداوەكانی ئەم دوایانەدا دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیویەتی گوزارشت لە ھەستی كوردستانیان بكات بێ جیاوازی، ھەم لە پێشوازیكردن و خزمەتكردن، ھەمیش لە پاڵپشتی كردنیان، لە كۆنفرانس و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان باس لەوە كراوە لەكاتی رووداوەكان لە رێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی رووی ھەرێمی كوردستان بە جوانی پیشاندراوە".

دەزگای خێرخوازی بارزانی بە كاركردن لە 10 كەرتی جیاواز بۆ خزمەتكردن كاری خۆی پەر پێدەدات و جیا لەوەی ھاوكار بووە لە كارەكانی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە و كەمپی پەنابەران و سەنتەری رۆشنبیری و دابەشكردنی خۆراك و ئەنجامدانی دەیان چالاكی ناوخۆیی، ھەروەھا ھاوكارییەكانی گەیاندوەتە 9 وڵاتی دیكە.

كارزان نوری، بەرپرسی پرۆگرام و پەیوەندییەكان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی بە كوردستان24ی گوت: "دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ھاوكاریكردنی خەڵك لە وڵاتانی دیكە دوو پەیامی ھەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە دەمانەوێت بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێین كورد خاوەن كولتوورێكی مرۆیی گەورەیە، ئەم كولتوورەش تەنھا بۆ خۆمان نییە، بەڵكو بۆ ھەموو ھەژار و لێقەوماوانە. ئامانجی دووەمان ئەوەیە دەمانەوێت ببینە پردی پەیوەندی لەنێوان ئەو كەسانەی پێویستیان بە ھاوكارییە و ئەو ئاژانس و رێكخراوانەی كە دەیانەوێت ھاوكاری خەڵكی لێقەوماو بكەن".