بە پلانێکی بەرنامەبۆداڕێژراو، پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیردەکات

ئۆتۆمبێلێکی "وەهمیی" بە 40 ملیۆن دینار بە کەسێک فرۆشتووە

K24 - هەولێر

لە هەولێر گەنجێک لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە کەسێکی هەڵخەڵەتاندووە، بڕی 40 ملیۆن دینار و سێ مۆبایلی لێ سەندووە بەناوی ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی پێ دەفرۆشێت. دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادارکراوەتەوە، بە کەمتر لە 24 کاتژمێر دەستگیری کرد.

پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ (شەممە، 5-9-2020) ئاشکرای کرد، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان / نووسینگەی راستی، پاش ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوێکی فێڵکردن لە رێگای سۆشیال میدیا و سەندنی بڕی (40 ملیۆن دینار) و (سێ مۆبایلی زیرەک) لە هاووڵاتییەک بە زەبری چەک و داری کارەبایی، تۆمەتبار بە پلانێکی بەرنامەبۆداڕێژراو دەستگیرکرا.

تۆمەتبارەکە ناوی (ر.ح.ع.) و بە "وەهمی" ئۆتۆمبێلێکی بە هاووڵاتییەک فرۆشتبوو. پۆلیس تیمێکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و توانیویانە تۆمەتبارەکە لە ماوەی کەمتر لە (24) کاتژمێر دەستگیر بکەن.

تۆمەتباری ناوبراو، لە کاتی دەستگیرکردنیدا بەگوتەی پۆلیس "چەکێکی بێ مۆڵەتی بەدەستەوە گیرا کە دەیویست بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس بەکاری بهێنێت، بەڵام تیمەکانی پۆلیسی هەولێر، پێش بەکارهێنانی چەکەکە، دەمودەست و بەپێی پلانێکی بەرنامەبۆداڕێژراو، دەستگیریان کرد و دەستیان بەسەر چەکەکە و ئۆتۆمبێلەکەشیدا گرت".

پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ تۆمەتبار رێکخراوە و پۆلیس دەڵێ بەپێی چوار ماددە: ماددەی (442)، (279)، (21)ـی چەک و (14)ـی ماددە هۆشبەرەکان، راگیرا و رادەستی دادگا کرا".

 

 

هـ.ر.