سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەلی سنجاری دەكات

سەرۆك بارزانی: لە دەستدانی عەلی سنجاری خەسارەتێكی گەورەیە

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆچی دوایی عەلی سنجاری، سیاسەتمەدار و تێكۆشەر و ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەخۆشی لە خانەوادەكەیان دەكات.

لە پەیامی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "خوالێخۆشبوو عەلی سنجاری بە درێژایی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و قۆناغی دوای راپەڕیندا پێشمەرگە و كەسایەتیەكی خاوەن هەڵوێست و وەفادار بە رێبازی پارتی و كوردایەتی بوو. هەمیشە لە خەبات و تێكۆشانی سیاسی و جەماوەریدا ئەركەكانی دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە بە جێ گەیاندووە و، لە دەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە".

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی عەلی سنجاری:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێكۆشەری ناسراوی گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان (عەلی سنجاری)ـیمان بیست. خوالێخۆشبوو عەلی سنجاری بە درێژایی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و قۆناغی دوای ڕاپەڕیندا پێشمەرگە و كەسایەتیەكی خاوەن هەڵوێست و وەفادار بە ڕێبازی پارتی و كوردایەتی بوو. هەمیشە لە خەبات و تێكۆشانی سیاسی و جەماوەریدا ئەركەكانی دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە بە جێ گەیاندووە و، لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی تێكۆشەری عەلی سنجاری و تەواوی دۆست و هەڤاڵانی دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

6ـی ئەیلوولی 2020