لە هێرشێکی داعش لە خانەقین، فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی کوژرا

بە گوللـەی نیشانەشکێنەکان کراوەتە ئامانج

K24 - هەولێر

میدیای حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، لەکاتی بەرپەچدانەوەی هێرشێکی داعش لە باکووری خانەقین، فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی کوژرا.

چەکدارانی داعش کاروانێکی لیوای 28ـی حەشدی شەعبییان لە ناوچەی قولای خانەقین بە ئامانجکردووە، کاتێک شەوی رابردوو (یەکشەممە، 6-9-2020) بە رێگەی دیالە خانەقین تێپەڕبوون.

ئەو فەرماندەیەی لیوای 28ـی حەشدی شەعبی، ناوی حوسێن رەزاق ئەلمەیاحییە و میدیاکانی حەشدی شەعبی دەڵێن خەڵکی بەسرەیە و بە گوللـەی نیشانەشکێنەکانی چەکدارانی داعش "قەناس" کوژراوە.

میدیا عێراقییەکان دەڵێن، چەکدارەکانی حەشدی شەعبی توانیویانە بەرپەرچی هێرشەکەی چەکدارانی داعش بدەنەوە و، بەشێکی چەکدارەکان رایانکردووە، بەڵام گەڕان بەشوێنیان بەردەوامە.

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێكە چەکدارانی داعش ھێرشەکانیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە و دەوروبەری چڕکردووەتەوە، بەجۆریک لەماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، 25 کەس لە پۆلیس، سەرباز، چەکداری حەشدی شەعبی و تەنانەت هاووڵاتییان کوژراون، یان بریندار کراون.

بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، چەکدارانی داعش بە شەو دەردەچن و هێرش دەکەن، بەڕۆژیش خۆیان حەشاردەدەن.

 حوسێن رەزاق ئەلمەیاحی
حوسێن رەزاق ئەلمەیاحی

هـ.ر.