لە فەرەنسا پیاوێک چێشتخانەکەی بەهۆی مێشێک دەتەقێنێتەوە

بە مێشکوژی کارەبایی بەدوای کەوتووە

 K24 - هەولێر

پیاوێکی تەمەن 82 ساڵ لە فەرەنسا، لەکاتێکدا خەریکی خواردنی ژەمی ئێوارە بووە، مێشێک بێزاری کردووە، بۆیە بە مێشکوژێکی کارەبایی بەدوای کەوتووە، بێئاگا لەوەی بەهۆیەوە چێشتخانەکەی دەتەقێتەوە و خۆیشی بریندار دەبێت.

میدیاکانی فەرەنسا بەبێ ناوهێنانی ئەو پیاوە، ئاشکرایان کردووە رووداوەکە کاتژمێر 07:45ـی ئێوارەی هەیینی لە گوندێکی پارکۆل-شنۆ لە هەرێمی دۆردۆنیی فەرەنسا روویداوە.

پیاوەکە بەتەنیا دەژی، ژەمی ئێوارەی بۆخۆی ئامادەکردووە، ئاگادار نەبووە کە شوێنێکی ژێر تەباخەکەی غازی لێ قەتیس بووە، کاتێکیش مێشێک بێزاری کردووە، پیاوەکە بە مێشکوژی کارەبایی بەدوای کەوتووە، لەئەنجامی بەریەککەوتنی گەرمیی مێشکوژە کارەباییەکە و غازە قەتیسبووەکە، غازەکە تەقیوەتەوە.

پیاوە 82 ساڵییەکە سووتاوە، بەڵام رێژەی سووتاوییەکەی کەمە و توانیویەتی خۆی رزگاربکات، پاشان گوازراوەتەوە نەخۆشخانە. ئێستاش چاوەڕێیە خێزانەکەی چێشتخانەکەی بۆ نۆژەنبکەنەوە بۆ ئەوەی بچێتەوە ماڵەکەی.


سەرچاوە: francebleu