قۆناغی دووەمی بایۆمە‌تری دە‌ستیپێکرد

لیژنە‌یە‌ك بۆ یە‌كلاكردنە‌وە‌ی فرە‌مووچە‌یی نایاسایی پێكھێنرا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یە‌كە‌م كۆبوونە‌وە‌ی قۆناغی دووەمی لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تریی ئەنجامدرا و، تێیدا لیژنەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی فرەمووچەیی نایاسایی پێکهێنرا.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران و بەشداریکردنی وە‌زیری دارایی و ئابووری بوو و تێیدا گفتوگۆ لە‌بارە‌ی دە‌ستپێكردنە‌وە‌ی جێبە‌جێكردنی قۆناغی دووەمی بایۆمە‌تری كرا بە ‌ئاڕاستە‌‌ی بە‌رجە‌ستە‌كردنی حكومە‌تی ئە‌لیكترۆنی بە‌ سوودوە‌رگرتن لە ‌تە‌كنە‌لۆژیای زانیاری لە ‌بە‌ڕێوە‌‌بردنی دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت و فراونكردنی پرۆگرامە‌كە‌ تاوەکو بوارە‌كانی دیکەش بگرێتە‌وە‌ و ببێتە‌ یارمە‌تیدە‌رێكی سە‌رە‌كی بۆ جێبە‌جێكردنی كردارە‌كی چاكسازی و بە ئە‌لیكترۆنیكردنی دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت و ھێنانە‌ كایە‌ی شێوازێكی نوێی خزمە‌ت و حوكمڕانیی دروست.

كۆبوونە‌وە‌ بڕیاریدا لیژنە‌یە‌ك بۆ بە‌ردە‌وامیدان بە‌ پاككردنە‌وە‌ی لیستی مووچە‌خۆران و یە‌كلا‌كردنە‌وە‌ی فرە‌مووچە‌ی نایاسایی پشتبە‌ستوو بە‌ یاسایی چاكسازی پێكبھێنرێت. بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ش فە‌رمانگە‌ی ھە‌ماھە‌نگی و بە‌دواداچوون و فە‌رمانگە‌ی تە‌كنە‌لۆژیای زانیاری و وە‌زارە‌تی دارایی بۆ جێبه‌جێكردنی بە‌م ئە‌ركە‌ راسپێردران.

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران بڕیاریدا بە رەچاوكردنی رێكارە‌ یاساییە‌كان دە‌ست بە‌ تۆماركردنی ئە‌و مووچەخۆرە‌ شایستانە‌ بكرێت، كە‌ هێشتا لە‌ سیستە‌می بایۆمە‌تری تۆمار نە‌كراون. ھە‌ر لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، بڕیاردرا وە‌زارە‌تی دارایی و ئابووری ئاسانكاری لە‌ پرسی تۆماركردن و دیاریكردنی فە‌رمانبە‌رانی تۆماركردن‌ بکات، بۆ ئە‌وە‌ی تەنیا ئە‌و مووچە‌خۆرانە‌ تۆمار بكرێن، كە‌ یاسایین و تۆمارنە‌كراون و بڕیار لە‌سه‌ر تۆماركردنیان دە‌درێت.

باش كۆتاییھاتنی قۆناغی یە‌كە‌می بایۆمە‌تری، بە‌ تۆماركردنی مووچە‌خۆرانی ھە‌رێمی كوردستان‌ لە‌ سیستە‌مێكی ئە‌لیكترۆنی ناوە‌ندیدا، لیژنە‌ی باڵا دە‌ستی بە‌ جێبە‌جێكردنی قۆناغی دووە‌می سیستە‌مە‌كە كرد‌.