سعوودییە سزای بکوژانی خاشوقچی دا

کوردستان24

K24- هەولێر:

سعوودییە سزای 20 ساڵ زیندانیی بەسەر پێنج کەس بە هۆی تێوەگلانیان لە کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچی سەپاند.

دادگای تاوانەکانی ریاز سزای بەسەر هەشت کەسدا سەپاند کە تێوەگلابوون لە کوشتنی جەمال خاشوقچی.

پێنج لەوان بە 20 ساڵ زیندانیی سزادران و دوانیان بە 10 ساڵ و یەکێکی دیکەش بە حەوت ساڵ.

لەبارەی سزاکان، خەدیجەی خێزانی خاشوقچی رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و بە گاڵتەجاریکردن بە یاسا ناوی برد.

لە تویتێکدا ئەو خاتوونە نووسیویەتی، ئەوان دەزانن کێ هاوسەرەکەمی کوشتووە و ئاشکرای ناکەن.

تورکیاش لەبارەی سزاکە بڵاویکردەوە، ئەوان بڕوایان نەبوو ئەو جۆرە سزایە بۆ ئەو تاوانە هەڵبژێردرێت.

جەمال ئەحمەد خاشوقچی، نووسەر و ستوونوسێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست بوو کە رەخنەی لە دەسەڵاتی سعوودییە دەگرت، لە دووی مانگی 10ـی ساڵی 2018 لە کۆنسوڵخانەی سعوودییە لە ئیستانبوڵ کوژرا.

DW