لە ھەولێر رێگری لە دروستكردنی گۆڕستانێك بەشێوەی زێدەڕۆیی دەكرێت
K24 – ھەولێر
لە سنووری پارێزگای ھەولێر چەند كەسێك ھەوڵدەدەن گۆڕستانێكی نوێ بە زێدەڕۆیی دروست بكەن، بەڵام رێگری لەو ھەوڵە دەكرێت و زێدەڕۆییەكە تێكدرا.
قایمقامیەتی ناوەندی ھەولێر ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە لەسەر موڵکی گشیی لەنزیک گۆڕستانی گردەڕەشە نزیکەی (200) پارچە زەوی لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستکاری کراوەو بەشێوەی پارچە پارچە ئامادەکراوە بەمەستی داگیرکردن و دروستکردنی گۆڕستانێکی نوێ بەشێوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی زانکۆی سەلاحەددین، لەسەر بڕیاری نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، ئێوارەی رۆژی ھەینی 11/9/2020 بەشی پۆلیسی شارەوانی و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی پێنج و ھێزی زێرڤانی،ھەڵسان بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ تێکدان و نەھێشتنی ئەو زیادەڕۆیەی لەسەر موڵکی گشتی ئەنجام درابوو".
قایمقامیەتی ناوەندی ھەولێر لەم راگەیەندراوەدا راشیگەیاندووە: "دەستکاری کردنی ئەو جۆرە زەویانە و زێدەڕۆیی کردن لەسەر موڵکی گشتی، بەپێی یاسایی ژمارە(3)ی ساڵی 2018 رێگاپێدراو نییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".