بەغدا شایستە داراییەكانی ساڵانی رابردووی جوتیاران خەرج دەکات

وەزارەتی بازرگانی عێراق داوای پەڕاوی جوتیارانی کردووە

K24 - ھەولێر

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، پێنەدانی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، بریارێکی سیاسی حەیدەر عەبادی بوو، بۆیە ئێستا ھیچ بیانوێک بۆ پێنەدانی پارەکە لەلایەن بەغدا نەماوە، بەرێوەبەری سایلۆی ھەولێریش دەڵێت، وەزاره‌تی بازرگانی عێراق داوای پەڕاوی ئەو جووتیارانەیان کردووە کە پارەیان لای حکومەتی عێراقە.

نزیگەی 570 ملیار دینار پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراقە، ئەم بڕە پارەیە هى گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016یە، زۆر جار گفتوگۆ لەسەر ئەم كێشەیە كراوە، ھەر شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردبێت تەوەرێکی گفتوگۆکان بووە، پارەکە ماف و شایستەی جووتیارانی کوردستانە و راگرتنەکەشی بڕیارێکی نا یاسایی و سیاسیانەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقە.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "شایستە داراییەكانی جووتیاران یەكێك لە پرسە لەپێشینەكان بووە، كە شاندی حكومەتی ھەرێم بەردەوام لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی لەسەر كردووە، جگە لەوەش پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق باسیان كردووە و جووتیارانیش داوایان پێشكەش بە حكومەتی عێراق كردووە".

گوتیشی: "ئەو بڕیارە نا یاسایی و نا رەوا بوو، لەلایەن حەیدەر عەبادی دراوە، پێویستە بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق ھەڵبوەشێندرێتەوە، بۆ ئەوەی شایستە داراییەكانی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان خەرج بكرێت".

بۆ یەکەم جار ھەفتەی رابردوو بەغدا داوا لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، پەڕاوی ئەو جووتیارانەیان بۆ بنێرن، کە گەنمیان بە حکومەتی عێرا فرۆشتووە و پارەیان پێنەدراوە، ئەم ھەفتەیە پەڕاوی سەرجەم ئەو جووتیارانە دەگاتە وەزارەتی بازرگانی عێراق و چاوەرێ دەکرێت پارەکە بە یەک قۆناغ خەرج بکرێت.

ھێمن سەید موراد، بەرێوەبەری سایلۆی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "ھەفتەی رابردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق پەیوەندی پێوەكردین كە پەڕاوی ئەو جووتیارانەیان بۆ رەوان بكەین كە شایستە داراییەكانیان لای حكومەتی عێراقە و وەرنەگیراوە".