دیمه‌شق: هه‌سه‌ده بووه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌زاران قوتابی حه‌سه‌كه
.jpg)
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریا، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (15ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020) ده‌ریكردووه، رایگه‌یاند، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده)، ره‌فتاری بێ پێشینه ده‌كه‌ن و كه‌رتی په‌روه‌رده‌یان له حه‌سه‌كه كردووه‌ته ئامانج و هه‌ڕه‌شه‌یان بۆ سه‌ر داهاتووی هه‌زاران منداڵ و گه‌نجی پارێزگاكه درووستكردووه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا، كه ئاژانسی هه‌واڵیی "سانا"ی ره‌سمی سووریا بڵاویكردووه‌ته‌وه، هاتووه: هه‌سه‌ده به هێزی چه‌ك ده‌ستیگرتووه به‌سه‌ر 2 هه‌زار و 285 قوتابخانه‌دا. ته‌نیا 179 قوتابخانه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی حه‌سه‌كه ماونه‌ته‌وه بۆ هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندن.
هه‌روه‌ها هاتووه: ئه‌و ره‌فتاری هه‌سه‌ده بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی فشارێكی زۆر له قوتابخانه‌كان درووست ببێت و قوتابیان ناچار بن، رێگه‌یه‌كی دوور بگرنه به‌ر بۆ گه‌یشتن به قوتابخانه و مه‌ترسییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا به‌و هۆیه‌وه چه‌ند هێنده بوونه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، هه‌سه‌ده به پله به پله سیستمی خوێندنی له قوتابخانه‌كان په‌كخستووه و پرۆگرامێكی خوێندنی تایبه‌ت به خۆی به‌سه‌ر قوتابیاندا سه‌پاندووه، به بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی قۆناغی ته‌مه‌ن و ژینگه‌ی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: ئه‌و پرۆگرامه‌ی هه‌سه‌ده سه‌پاندوویه‌تی، ئامانج لێی بڵاوكردنه‌وه‌ی "نه‌فامی و نه‌خوێنده‌وارییه له میانی ترساندن و بێبه‌شكردنی قوتابیان و به‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌زاران منداڵ و گه‌نج درووستكردووه.
وه‌زاره‌ته‌كه باسی له‌وه‌شكردووه، هاووڵاتیانی حه‌سه‌كه ئه‌و پرۆگرامه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه و منداڵه‌كانیان ره‌وانه‌ی قوتابخانه ره‌سمییه‌كانی سه‌ر به دیمه‌شق ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی تووڕه‌بوونی هه‌سه‌ده و په‌نایان بۆ ئه‌وه بردووه، منداڵان و هاووڵاتیانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ناچار بكه‌ن، روو له‌و قوتابخانانه بكه‌ن، كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندایه.