بە دەنگی 70 په‌رله‌مانتار پیشنیازی یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش پەسەند کرا

یاساكه‌ له‌ 14 مادده‌ پێكهاتووه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

په‌رله‌مانی كوردستان پیشنیازی یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش بە دەنگی 70 ئەندامی پەرلەمان پەسەند کرا و بەپێ ماددەکانی ئەم یاسایە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ لێکوڵینەوەی هەڵە پزیشکیەکان پێكدەهێنێت، بڕیارە دوای پەسەندکردنی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی رێنمای بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات، لیژنەی تەندروستی پرۆژەیەکی دیکەشی بۆ ماف و ئەرکی کارمەندانی تەندروستی ئامادە کردووە.

ئەم یاسایە لە 14 ماددە پێكهاتووە بۆ پەسەندکردنی دەنێرێتە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و دواتر ئەنجوومەنی وەزیران رێکار بۆ جێبەجێکردنی دەردەکات.

لە دوای خستنە بواری جێبەجێکردنی یاساکە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ لێکوڵینەوە لە کاتی هەڵەی پزشکی پێك دەهێنێت و هاووڵاتیان لە رێگەی ئەم لیژنەیەوە سکاڵا تۆمار دەکەن.

ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئەرك و مافی نەخۆش جیاکراوەتەوە، دەبێت نەخۆش بەپێ یاسا مافەکانی لە بواری تەندروستی گشتی پێشکەش بکرێت و ئەرکەکانیشی لە چوارچێوەی پاراستن و رێزگرتنی کارمەندانی تەندروستی دیاریکراوە، له‌مباره‌شه‌وه‌ شایان عەسکەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەم یاسایە بە گرنگ دەزانێت و ئاشكرایده‌كات: بۆ کارمەندانی تەندروستیش پرۆژەیەك ئامادەیە.

هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی ئەم یاسایەوە کاری بە یاسای عێراقی دەکرد، کە ئەمە کێشە بوو لە نیوان نەخۆش و کارمەندانی تەندروستیشدا بە تایبەت لە حاڵەتی هەڵە پزیشکیەکان، بەپێی ئەم یاسایە کێشه‌كان چارەسەر دەکرێن و دەبێت لە ماوەی کەمتر لە 60 رۆژدا ئەنجامی لێکوڵینەوە لە سکاڵای هاووڵاتیان یەکلایی بکرێتەوە.

H.B