ترەمپ: لە ساڵی 2017 ویستم بەشار ئەسەد بکوژم

"وەزیری بەرگریی ئەوکاتە نەیهێشت"

K4 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند لە ساڵی 2017 ویستوویەتی بەشار ئەسەد بکوژێت، بەڵام وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دژی ئەو هەنگاوە بووە.

دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژی سێشەممە (15-9-2020) لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا زانیاریی نهێنیی ئاشکرا کرد لەبارەی بەشار ئەسەدەوە و، گوتی "دەمەویست لە یارییەکە دەریبکەم، هەموو شتێکم ئامادەکردبوو، بەڵام ماتیس نەیویست، چونکە ماتیس جەنەراڵێک بوو زۆر گەورەیان کردبوو، بۆیە هێشتم بڕوا".

سەرۆکی ئەمەریکا ئەو گوتانەی لەکاتێکدا کرد، کە قسەی دژی جەیمس ماتیس دەکرد، هەرچەندە پێشتر بە پیاوێکی مەزن وەسفی دەکرد، بەڵام دواتر دەیگوت جەنەراڵێکی خانەنشین تاوەکو ئەوکاتەی لە کۆتاییەکانی 2018 دەستی لەکارکێشایەوە.

میدیاکانی ئەمەریکا باس لەوە دەکەن، ترەمپ لەدوای مانگی ئایاری 2017 بیری لە کوشتنی ئەسەد کردووەتەوە، کە ئەوکاتە بەشار ئەسەد چەکی کیمیایی لەدژی خەڵکی سڤیلی وڵاتەکەی بەکارهێنا.

ترەمپ بە تەلەڤیزیۆنی فۆکسی گوت پەشیمان نەدەبووەوە لە بڕیاری کوشتنی ئەسەد "بەدڵنیاییەوە پێموانییە (بەشار ئەسەد) پیاوێکی باش بێت، هەلێکم لەبەردەم بوو (لە گۆڕەپانەکە) بیبەمە دەرەوە، بەڵام ماتیس لەدژی هەنگاوەکە بوو".

بەشار ئەسەد، ماوەی 20 ساڵە سەرۆکی سووریایە، لە ساڵی 2011ـەوە وڵاتەکەی لەنێو شەڕدایە، بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژراون، سەدان هەزاریش ئاوارە و پەنابەری وڵاتانی دیکە بوون.

 

هـ.ر.