ئه‌نقه‌ره‌: دوو سه‌ربازی سوپای توركیا له‌ حه‌فتانین كوژران

وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا رایگه‌یاندووه‌

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ئاكامی هێرشێكی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی توركیا له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی عێراق دوو سه‌ربازی سوپای توركیا كوژران.

وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاند، "چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی جیاخواز به‌ مووشه‌ك هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سوپای توركیا له‌ ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی چنگی پڵنگ و له‌ ئاكامدا دوو سه‌رباز كوژران و یه‌كێكی دیكه‌ بریندار بوو".

سوپای توركیا رۆژی (16ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2020) ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی له‌ ژێر ناوی "چنگی پڵنگ له‌ ناوچه‌ی "حه‌فتانین" دژی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌، كه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ رێكخراوێكی "تیرۆریستی" ناوی ده‌بات.

ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی سوپای توركیا، دووه‌م ئۆپراسیۆنی سه‌ربازییه‌ ئه‌مساڵ له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجامی بدات و پێشتر له‌ ژێر ناوی "چنگی هه‌ڵۆ" له‌ (15ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2020) ئۆپراسیۆنێكی دیكه‌ی سه‌ربازی له‌ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان راگه‌یاندبوو. 

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ