سێیه‌م شه‌پۆلی كۆرۆنا له ئێران ده‌ستیپێكرد
K24- هه‌ولێر:
ئێران پێی نایه سێیه‌م شه‌پۆلی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و له‌م چه‌ند رۆژه‌دا ژماره‌ی تووشبوون و مردن به‌هۆی په‌تاكه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران داوای له هاووڵاتیان كرد، زیاتر پابه‌ندی رێكار و رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن و له‌باره‌ی هاتنی وه‌رزی سه‌رما و كاریگه‌رییه‌كانی تێكه‌ڵبوونی ئه‌نفلۆوه‌نزای وه‌رزی له‌گه‌ڵ كۆرۆنا هۆشداریی دایه خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی.
رۆحانی له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی نیشتمانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا گوتی: "چه‌ند وڵاتێكی دراوسێ ئێستا به ده‌ست هه‌ندێك نه‌خۆشی مه‌ترسیدارتر له كۆرۆناوه ده‌ناڵێنن، كه له هه‌وكردنی سییه‌كان ده‌چێت و پێویسته رێكاری جددی بگیرێنه به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له گواستنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه بۆ ناو ئێران بكرێت".
لای خۆیه‌وه داود په‌یام ته‌برسی، سه‌رۆكی نه‌خۆشییه كوشنده‌كان له نه‌خۆشخانه‌ی "مه‌سیح دانیشفه‌ری" كه به یه‌كێك له گرنگترین نه‌خۆشخانه‌كانی چاره‌سه‌ری كۆرۆنا له تاران داده‌نرێت، گوتی: له كۆتایی هه‌فته‌ی رابردووه‌وه شه‌پۆلی سێیه‌می كۆرۆنا له ئێران ده‌ستیپێكردووه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه بۆ ماوه‌ی 4 مانگ به‌رده‌وام بێت.
ته‌برسی هۆشداریشیدا، كه ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، ژماره‌ی مردن به‌هۆی په‌تاكه بۆ 600 حاڵه‌تی رۆژانه به‌رز ده‌بێته‌وه، جه‌ختیشی كرده‌وه، "پێویسته پرۆتۆكۆڵه‌كانی ته‌ندروستی بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه دیاری بكرێن، به‌ر له‌وه‌ی كاره‌سات رووبدات".
هاوكات سه‌ما سادات، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران رایگه‌یاند، له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو رێژه‌ی به‌كارهێنانی ده‌مامك له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه تا كه‌متر له 60% كه‌م بووه‌ته‌وه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئێران یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین زیانی كۆرۆنای له ناوچه‌كه به‌ركه‌وتووه، كه له‌لایه‌ك به‌هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی په‌تاكه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت سوود له هاوكارییه‌كانی سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه به‌كاری بهێنێت.
سه‌رهه‌ڵدانی سێیه‌م شه‌پۆلی كۆرۆنا له ئێران هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌ختییه‌كانی سزا ئابوورییه‌كان، كه ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی داكه‌وتنێكی دیكه له به‌های دراوی ئێرانی و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵا سه‌ره‌كییه‌كان، به‌مه‌ش هاووڵاتیان ناتوانن به نرخێكی گونجاو ده‌ستیان به كه‌لوپه‌لی خۆپارێزی و مادده پاككه‌ره‌وه‌كان بگات بۆ خۆپاراستن له ڤایرۆسی كۆرۆنا.
H.B