رۆحانی: نەخۆشییەکی مەترسیدارتر لە کۆرۆنا له وڵاتانی دراوسێمان بڵابووەتەوە
K24 - هەولێر
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند لە ھەندێک وڵاتانی درواسێی ئێران، نەخۆشییەکی مەترسیدارتر لە کۆرۆنا بڵابووەتەوە و مەترسی ئەوە ھەیە بگاتە ئێران.
حەسەن رۆحانی، سەرۆکۆماری ئێران دوێنێ (شەممە، 19-9-2020) لە کۆبوونەوەیەکی تیمی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئەو زانیارییانەی ئاشکرا کرد.
رۆحانی بەبێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە بدات، دەڵێ: نەخۆشییەکە ھاوشێوەی هەوکردنی سییەکانە و زۆر لە کۆرۆنا مەترسیدارترە. پێویستە هەنگاو بنێین بۆ خۆپارێزی.
رۆحانی ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ وەزیری تەندروستیی وڵاتەکەی قسەی کردووە، ئەویش "زۆر نیگەرانە لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە و سەردانی چەند گەشتیارێکی بیانی بۆ قووم و مەشھەد".
هۆشدارییەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەکاتێکدان ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی زۆریی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، کە بەگشتی 419 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 24 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە.
هـ.ر.