لە ئورمیەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سووتێنرا

دوێنێ گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر

ژنێکی گەنجی خەڵکی ئورمیە کە هەفتەی رابردوو لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگر لە جەستەی بەردرابوو، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، دوێنێ (شەممە، 19-9-2020)، ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندی زەنگۆ سەر بە شاری سەڵماس بە ناوی مریەم ئەتمانی، بەهۆی ئەو برینانەی بەهۆی سووتانەوە لەسەر جەستەی بوون، لە یەکێک لە ناوەندە تەندروستییەکانی شاری ئورمیە گیانی لەدەستدا.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، مریەم ئەتمانی دایکی دوو منداڵە، هەفتەی رابردوو بەهۆی کێشەی خـێزانییەوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئاگر لە جەستەی بەردرابوو، لە ئاکامدا 90٪ـی جەستەی سووتابوو.

هاوژینی مریەم ئەتمانی، دوای "ئاگرتێبەردانی هاوسەرەکەی" هەڵاتووە و تائێستا هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەریان نەکردووە.

 

هـ.ر.