رۆحانی: ھەر ھەنگاوێكی كردەیی بۆ جێبەجێكردنی سزاكان وەڵامێكی توندی ئیرانی ده‌بێت

ئێران پێشتر ملكەچی سەرەڕۆییه‌كانی ئەمەریكا نەبووە و لەم قۆناغەشدا ملكەچ نابێت

K24- ھەولێر:

سەرۆكی ئێران، حەسەن رۆحانی ھۆشداری دایە ئەمەریكا لە ھەر ھەنگاوێكی كردەیی بۆ جێبەجێكردنی سزاكان دژی وڵاتەكەی بەربەچدانەوەیەكی توندی لە لایەن ئێرانەوە دەبێت.

رۆحانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا توشی شكستێكی دیكە بووه‌.. ئەمەریكا لە رێكەوتنەكە كشایەوە و بە رێكەوتنێكی خراپی بینی و نەیتوانی رێكەتنەكە بۆ دووباركردنەوەی سزاكان بەكاربھێنێتەوە.. ئەمەریكا لە ھەوڵەكانیدا بۆ سه‌پاندنەوەی سزاكان نزیكە لەوەی بە تەواوه‌تی شكست بێنێت.

رۆحانی گوتی: تەنھا یەك رێگا ھەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، ئەویش: "رێزگرتنە لە مافەكانی و رەفتاركردنی بە رێزەوەیە لەگەڵیدا.. ئەوانەی دەیانەوێت بە خۆھەڵێكێشان و توندییەوە رەفتار لەگەڵ ئێران، بەكەن بەھیچ ئامانجێك ناگەن.. ئێران ملكەچی خۆھەڵێكێشان و توندییەكانی ئەمەریكا نابێت".

سەرۆكی ئێران دووپاتیكردەوە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر ئەمەریكا بڕیاریدا كارە "سەرەڕۆییەكانی" دژی ئێران جێبەجێبكات و ھەر كارێك بكات بۆ دووبارە كاركردن بە بڕیارەكانی پێشووی نێودەوڵەتی، وەڵامی دەبێت:" ھەر ھەنگاوێك بۆ كردەیی بۆ جێبەجێكردنی سزاكان دژی ئێران وڵامێكی توندی ئێرانیی دەبێت، بە شێوەیەكی توند وڵامی ھەر سەرەڕۆییەكی ئەمەریكا دژ بە ئێران دەدینەوە.. ئێران پێشتر ملكەچی سەرەڕۆییه‌كانی ئەمەریكا نەبووە و لەم قۆناغەشدا ملكەچ نابێت".

رۆحانی ئاماژەیكرد، "ھیچ وڵاتێكی ئەنجوومەنی ئاسایش قبوڵی نەكرد سزا نێودەوڵەتییەكان بسەپێنرێنەوە و سووربوونی ئەمەریكا لە سەر ئەو ھەنگاوەی تەنھا سەرەڕۆیی گومڕاییە".

رۆحانی سوپاسگوزاری وڵاتەكەی ئاراستەی سەرۆكی ئێستا و پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد بۆ "خۆراگرتنیان بەرامبەر بە جوولە نایاساییەكانی ئەمەریكا". ھەروەھا سوپاسی ھەر یەك لە رووسیا، چین و دەوڵەتانی ئەوروپای كرد، بۆ وەستانیان لە بەرامبەر "خواستە نالۆژیكییەكانی ئەمەریكا". گوتیشی: سوپاسی ھەر سێزدە وڵات دەكەین لە وەستانیان (لە ئەنجوومەنی ئاساییش) لە گەڵ ئێران.

ھەرەوەھا سەرۆكی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی، بۆ گەڕانەوە بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی رێكەوتنی ئەتۆمی، لە حاڵەتێكدا ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ بكات.