ئەمهریکا سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە
K24 - ھەولێر:
ئەمهریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکانی بۆ سەر ئێران دەرکرد و تارانیش رەتیدەکاتەوە ملکەچی بڕیارەکانی واشنتن بێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. وڵاتانی ئەوروپاش هەڵوێستی جیاوازیان هەیە و رایدەگەیەنن، چاوەڕێی بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەتەوەیەکگرتووەکانن سەبارەت بە سزاکانی سەر ئێران، هاوکات رووسیا هەنگاوەکانی ئەمهریکا دژ بە ئێران بە تاکلایەنە و نایاسایی ناودەبات.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، ئەمهریکا گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێرانی راگەیاند، کە بە میکانیزمی سناپباك ناسراوە و کۆتایی بە هەڵپەساردنی گەمارۆی کڕینی چەک بۆ سەر ئێران دەهێنێت، کە بە پێی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیدا بۆ سەر ئێران دانرابوون.
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا سووربوونی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامی گەمارۆکانی سەر ئێران بە هەنگاوێکی دیکەی ئیدارەی واشنتۆن بۆ کۆنترۆڵکردنی رۆڵی ئێران لە ناوچەکە ناوبرد و هەڕەشەش لەو وڵاتانە دەکات، کە بیانەوێت ببنە بەربەست لە بەردەم گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران.
لە بەرامبەریشدا نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە و هەر هەوڵێکی ئەمهریکا بۆ گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی بە بڕیارێکی تاکلایەنە و نایاسایی ناودەبات و داوای هەڵوێستی جیددی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.
لەلایەکیدیکەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە تاران ملکەچی بڕیارەکانی ئەمهریکا بێت و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند لە ئەمهریکا دەکات.
سەعید خەتیبزاد، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: حکوومەتی ئەمهریکا و دەسەڵاتدارانی ئیدارەی کۆشکی سپی، هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و وەستاندنی تاوانەکانیان، هەروەها قەرەبووی ئەو زیانانەی کە بە گەلی ئێرانیان گەیاندووە.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا فەرەنسا گوتی: گەمارۆکانی سەر ئێران نەگەڕاوەتەوە و ئەوەش پەیوەستە بە بڕیاری کۆتایی لای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە.
هاوکات ئانتۆنیۆ گۆترێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەرامبەر بەم پرسە بێدەنگ نابێت و هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایش لەو بارەوە یەکلاکەرەوە دەبێت.
بەپێی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوای واژووکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2015 گەمارۆی کڕینی چەک خرایە سەر ئێران و بە پێی رێککەوتنەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بڕیارە گەمارۆکانی سەر ئێران کۆتاییان پێبێت. ئەمجارەش ئەمهریکا لەگەڵ بەردەوامی گەمارۆکانی ئێرانە و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە دەنگ بە گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران بدەن، پرسێک کە ئێستا ئەمهریکا بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی.