ئێران ھۆشداری دەداتە ئەمەریکا

روحانی: ئه‌گه‌ر ئه‌مەریكا واز له‌ سزاكان نه‌هێنێت وه‌ڵامێكی توندمان ده‌بێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ھۆشداری دەداتە ئەمەریکا و رایدەگەێنێت "ئەگەر ئەمەریکا لە ملھوڕییەکانی خۆی بەردەوام بێت رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی ئێران دەبێتەوە".

سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا دەڵێ "ئەگەر ئەو پێنج وڵاتەکەی کە لە رێککەوتنەکەدا ماونەتەوە بەڵێنەکانی خۆیان بەرامبەر ئێران جێبەجێ بکەن، ئێران بەتەواوی پابەندی رێککەوتنەکە ده‌بێت".

حەسەن روحانی، گوتی: "وەک سەرۆک کۆماری ئێران دەمەوێت رابگەێنم کە ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت سوود لە ملھوڕییەکانی خۆی ببینێت و ئەو قسە نابەجێیەی کە دەڵێ من رێککەوتنەکانم رەتکردنەوە، کە ھیچ لایەنێک ئەم قسانەی ئەمەریکای قبوڵ نەکردوون و بیەوێت لە رووی کردارییەوە ھەنگاوێک بنێت، بەدڵنیاییەوە رووبەڕووی وەڵامی یەکلاکەرەوەی ئێمە دەبێتەوە. بەتەواوی روونە کە ئێران لە ھیچ قۆناغێکدا نەچووەتەوە ژێرباری ئەمەریکا و لەم قۆناغەشدا لەبەرامبەر ملھوڕییەکانی ئەمەریکا رادەوەستێت".

گوتیشی: "وەک وڵاتی دۆست، سوپاسی رووسیا و چین دەکەم کە بەتووندی و بەھێزەوە لەبەرامبەر قسە و کارە نابەجێکانی ئەمەریکا لە قۆناغەکانی پێشوو و لەم قۆناغەشدا راوەستان. ھەروەھا سوپاسی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی ئەوروپاش دەکەم. ئەگەر ئەو پێنج وڵاتەکەی کە لە رێککەوتنەکەدا ماونەتەوە، بەڵێن و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ پابەندییەکانمان لە رێککەوتنەکەوە".