مەسرور بارزانی: رۆڵی زانایانی ئایینی لە گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیان جێگەی ستایشە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێك بەبۆنەی یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بڵاودەكاتەوە

K24 – ھەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێك ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی زانایان دەكات و رایدەگەیەنێت "رۆڵی زانایانی ئایینی لە بەرگریکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستاندا، جێی ستایش وپێزانینە".

لە پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "زانایانی ئایینی ئیسلاميی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە مێژووی ڕۆشنبیریی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەبووە. هەروەها رۆڵی زانایانی ئایینی لە بەرگریکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستاندا، جێی ستایش وپێزانینە . هیواداراین زانایانی ئاینیی بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تووندڕەوی و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازی و لێبوردەیی و داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان".

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان:..

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان .

لە یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم . 

زانایانی ئایینی ئیسلاميی کوردستان، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە مێژووی ڕۆشنبیریی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەبووە. هەروەها رۆڵی زانایانی ئایینی لە بەرگریکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستاندا، جێی ستایش وپێزانینە. هیواداراین زانایانی ئاینیی بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی تووندڕەوی و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازی و لێبوردەیی و داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/9/21