وەزیری بەرگری ئەمەریكا: واشنتن ئامادەی وەڵامدانەوەی ھەر دەستدرێژییەكی ئێرانە لە ئایندەدا

واشنتن ھەوڵدەدات رێگری لە ئێران بكات لە "ھه‌ناردەكردنی دوژمنایەتییەكەی"

K24 - ھەولێر:

وەزیری بەرگری ئەمەریكا، مارك ئێسپەر ئەمڕۆ دووشممە رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئامادەی وەڵامدانەوەی ھەر دەستدرێژییەكی ئێرانە لە ئایندەدا.

ئەم لێدوانەی ئێسپەر لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھات، تێیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەپاندنی سزا و رێوشوێنی نوێی راگەیاند دژ بەو قەوارە و كەسانەی پەیوەندییان ھەبووە لە بەرنامەی چەكی ئەتۆمی ئێران.

ئێسپەر گوتیشی: ئێران لەم ساڵانەی دواییدا لە ھێرشەكانیدا ژێرخانی ئابووری، كەشتی و ھێزەكانی ئەمەریكایان كردووەتە ئامانج. جەختیشیكردەوە، ئەو ھەنگاوانەی دژ بە ئێران گیراونەتەبەر بە ئامانجی پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمەریكایە.

ئاماژەیكرد، واشنتن ھەوڵدەدات رێگری لە ئێران بكات لە "ھه‌ناردەكردنی دوژمنایەتییەكەی" بۆ ناوچەكە و وەڵامدانەوەی بەشێوه‌ی پێویست.