38ـەمین كۆنگرەی ئەمەریكا - توركیا تایبەت بە پیشەسازی بەرگریی و ئابووری بەڕێوەدەچێت

زیاتر لە 400 کۆمپانیای كەرتی تایبەت و حكومی بەشداردەبن

K24 - ھەولێر

38ـەمین كۆنگرەی توركیا - ئەمەریكا، تایبەت بە پیشەسازی بەرگری وئابووری لە چوارچێوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفڕانسەوە بەڕێوەدەچێت .

بڕیارە سبەی 21/9/2020، 38ـەمین كۆنگرەی توركیا- ئەمەریكا بەڕێوەبچێت و تا 24ـی مانگ بەردەوام دەبێت. لە كۆنگرەكەدا نوێنەری زیاتر لە 400 کۆمپانیای كەرتی تایبەت و حكومی بەشداردەبن.

بەگوێرەی بەرنامەی كاری كۆنگرەكە، تیشك دەخرێتەسەر پیشەسازی بەرگری، ئابووری ژمارەیی، بیناسازی، وزە و ژێرخانی بنەڕەتی، ھاوكات باس لە پەیوەندی ئابووری، بازرگانی و ستراتیژی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا دەكرێت .

كۆنگرەكە لەلایەن ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئابووریی توركیا، ئەنجومەنی كاری توركیا- ژووری بازرگانی ئەمەریكا و رێكخراوەکان رێکخراوە، هەروەها ھەوڵدەدرێت باس لەو كەرتە سەرەكییانە بكرێت كە دەبێتە ھۆكاری بووژانەوەی ئابووری نێوان ھەردوو وڵات لە دوای كۆرۆنا، ھەروەھا زیادکردنی بازرگانی هاوبەش بۆ 100 ملیار دۆلار بەو پێیەی کە ئێستا 25 ملیار دۆلارە .

خوش شوكسی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و توركیا ئاسیای ناوەڕاست رایگەیاند، كۆنگرەكە ئامانجیەتی ئابووری نێوان توركیا و ئەمەریكا بووژانەوەی زیاتر تۆماربكات بەتایبەت لە دوای كۆرۆنا بۆ ئەوەی بازرگانی ھاوبەش زیاد بكات.

سەبارەت بە قەبارەی ھاوبەشی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات، شوكسیی ئاماژەیدا، گەیشتووەتە 25 ملیار دۆلار بە خزمەتگوزاریشەوە، ھەروەھا سەرەڕای لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری، بەڵام لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ بەھۆی كەرتەكانی وزە و فڕۆكەوانی بەرێژەی 6% بەرزبووەتەوە.

ھاوكات بەگوێرەی پەیمانگای داتاكان لە توركیا " توركستات" قەبارەی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات لە كانوونی دووەم تاوەكو حوزەیران گەیشتووەتە 9 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو كە ئەو كات 9 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار بووە، ھەروەھا لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ھەناردەكانی توركیا بۆ ئەمەریكا گەیشتووەتە 8 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار و ھاوردەكانیشی نزیكەی 11 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.

جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و توركیا ئاسیای ناوەڕاست راشیگەیاند، ئەو كۆنگرەیەی كە بەڕێوەدەچێت لەم كاتەدا ھێزی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا نیشاندەدات لە كەرتەكانی پیشەسازی وەك وزە ، فڕۆكەوانی، بەرگری، بیناسازی، ژێرزان، ئابووری ژمێریاریی و ھەروەھا چاودێری تەندروستی و ھەر یەك لەو كەرتانەش رۆڵێكی گرنگ لە دروستكردنی داھاتوویەكی تەندروست و گەشە بۆ ھەردوولا دەبینێت.

سەرچاوە: aa