بۆ یەکەمجار لە مێژوو؛ قه‌باره‌ی كورتهێنانی بودجه‌ لە عێراق 81 تریلیۆن دیناره‌

بودجەکە بە 148 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە
kurdistan24.net

 

K24 - بەغدا

پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ـی عێراق گه‌یشته‌ په‌رله‌مان، بودجەکە بە 148 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، کە کورتھێنانەکەی لە سەرووی 81 تریلیۆن دینارە، عێراق لە هەموو مێژووی خۆیدا کورتھێنانی لەوشێوەی لە بودجەی ساڵانەی تۆمارنه‌كردووه‌.

بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، عێراق دیسانەوە ناچارە دەست بۆ قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی ببات بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانی.

حوسێن عەقابی، ئەندامی فراکسیۆنی نەھجی وەتەنی پێش گەیشتنی پڕۆژەبودجەکە بۆ پەرلەمانی عێراق گوتی "ئێمە، چاوەڕێین تاوەکو پرۆژەبودجە بگات بۆ ئەوەی بزانین حکومەت چۆن چارەسەری داھات و خەرجییەکانی کردووە، چونکە ئەمساڵ کورتھێنانێکی گەورەی ترسناک ھەیە و، حکومەت ناچاردەکات جارێکی دیکە قەرز بکات بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی. ھیچ پلانێکی دیکەی دارایی و چارەسەری دارایی نییە و سەرجەم دەرگاکانی لێ داخراوە، بۆیە پەنا دەبات بۆ قەرزکردن".

بەگشتی ساڵی 2020 تەنھا چوار مانگی ماوە، بەڵام پڕۆژەبودجەی ئەمساڵی عێراق تاز بە تازە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەکراوە و رەوانەی پەرلەمان کرا، ئەمەش وای کردووە ئەو بودجەیە تەنھا بودجەیەکی "فیعلی" بێت، بێ ئەوەی بتوانێت یەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ ئەنجام بدرێت.

عەلا روبێعی، ئەندامی لیژنەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات "عێراق بازاڕێکی گەورەیە ئەگەر بە پلانێکی رێک و تەندروستی ئابووری مامەڵە بکات، چونکە دەوڵەمەندین بە نەوت و بوارەکانی دیكە کە بەشی ھەموو پڕۆژەبودجە دەکات، بەڵام بەھۆی بێ پلانی و گەندەڵی، کەرتەکانی دیكەی وەکو: وەبەرھێنان، کشتووکاڵ، پەیوەندییەکان و دەروازە سنورییەکانی پشتگوێ خراون".

لەسەر بنەمای بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت 40 دۆلار، پڕۆژەبودجەی ساڵی 2020 بە 148 تریلیۆن دینار خەمڵنراوە، بەڵام ناجێگیریی نرخی نەوت و بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا و ئەو قەیرانە گەورە داراییەی رووی لە عێراق کردووە ئەو کورتهێنانە زۆرە مەزەندە کراوە.

بۆ ئەمساڵ، جیاواز لە ساڵانی پێشوو و لەسەر پێشنیازی بانکی ناوەندی، وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی باڵای پێکھێناوە بە بەشداریی نوێنەرانی حکومەتی ھەرێم لە ھەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان، تاوەکو ستراتیژیەتی پڕۆژەبودجەی سێ ساڵی داھاتووی عێراق دابڕێژنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لە رێگای شاندی حکومەت و لیژنە تەکنیکییەکانی لە دانوستاندایە بۆ ئەوەی پشکی ھەرێم لە چوارچێوەی دەستوور دەستەبەر بکات.

 

هـ.ر.